ئەمڕۆ 32هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ە



زۆرینەی خواستەكانی ڕاپەڕین بەدینەهاتوون

كاتێك یادی ڕاپەڕین دەكرێتەوە، هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و چاودێران ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگرن، بەوەی نەیانتوانیوە لە 32 ساڵی حكومڕانی كوردیدا هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر پێی خۆی‌و ژیانێكی شایستە بۆ جەماوەری كوردستان دابینبكرێت.

باشووری كوردستان دوای 32 ساڵ حكومڕانی كوردی
-زیادبوونی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی بەرپرسانی حیزبی و حكومی و چنینەوەى داهاتی وڵات بە چەند ڕێگا.

– نادادپەروەری لە بردنی داهاتی وڵاتدا، بەجۆرێك بەشێكی كەمی كۆمەڵگە لە دەسەڵات و نزیكەكانیان تا دێت دەوڵەمەند دەبن و زۆرینەش تادێت هەژارتر دەبێت، وێڕای ئەوەی هاووڵاتیان خراونەتە ژێر گووشارێكی توندیشەوە بە ناوی باج و سەرانە و ڕێگری لە كاروكاسبی هاووڵاتیان.

– قۆرخكاری سیاسی و ئابووری و بازرگانی لە لایەن چەند حیزب و بنەماڵە و بەرپرسانی سیاسی و ئەمنییەوە.

-نەبوونی ڕۆڵی یاسا و دادگا و هەڵبژاردن لە وڵاتدا.

-دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی وڵات، نەدانی مووچەیەكی ڕێك و پێك بە هاووڵاتیان و فەرمانبەران.

-دەستبەسەرداگرتنی سێكتەرى نەوت و غاز، تەنها بەشی سووتەمەنی لە بەنزین و نەوتی سپی و كارەبا و غازی ماڵانیش نادەنە هاووڵاتیان، دەبێت بەنرخێكی زۆری بازرگانی لە دەسەڵاتدارەكانی بكڕنەوە.

-نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، خراپی تۆڕی ڕێگاوبانەكان، خراپی كارەبا، دوای 32 ساڵ لە هەندێك كاتی ساڵدا لە 24 كاتژمێردا تەنها 3 بۆ 4 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە، داخوران و كۆنی كاری سیستمی فەرمانگەكان و بوونی ڕۆتین و كەموكوڕی زۆر.

-وێرانبوونی بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆ، كردنی باشووری كوردستان بە بازاڕێكی گەورەی ساغبوونەوەی بەرهەمی كوالێتی نزمی دەرەكی بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.

-كەرتەكانی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی لە ڕەوشێكی زۆر خراپدان، لەلایەن بەرپرسانەوە كراونە بوارێكی چنینەوەی پارە لە گیرفانی هاووڵاتیان بە ناوی كەرتی تایبەتەوە.
-پەلكێشكردنی هێزی وڵاتانی دراوسێ و نەیاری كورد و دەست تێكەڵكردن لەگەڵیاندا ئەوە جگە لە دژایەتیكردنی پارچەكانی دیكەی كوردستان، خاكی هەرێمی كوردستانیش كراوەتە مۆڵگەی سووپاكانی دراوسێ و بەردەوام تۆپباران و بۆردوومان دەكرێن.

دوای 32 ساڵ هاووڵاتیان لە باشووری كوردستان لەئەوپەڕی تووڕەییدان دژی دەسەڵاتداران، دەسەڵاتێك جگە لە نەهامەتی و دەردەسەری نەیتوانیوە خۆشبەختییەك بۆ هاونیشتمانییەكانی دابینبكات، ئەوە بووە بەهۆی ئەوەی بەشێكی هاووڵاتیان ڕاپەڕین بە هەڵەیەك ناوبەرن، خوازیاربن بریا هەر نەكرایە باشتربوو.

پێش ڕاپەڕین
لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمی پێش ڕاپەڕین ڕژێمی سەدام حوسێن 182 هەزار كوردی ئەنفال كرد، 5 هەزار كەسی بە كیمیاباران لە هەڵەبجە شەهید كرد، زیاتر لە 4 هەزار لادێ و شار و شارۆچكەی وێران كرد و دانیشتوانەكەی لە ئۆردۆگا زۆرە ملێكاندا نیشتەجێكرد و خستنیە ژێر چاودێری وردو داپڵۆسینەوە، ئەو ڕەوشە ڕۆژ بە ڕۆژ تووڕەیی هاووڵاتیانی لە دژی ڕژێم زیاتر دەكرد.

هەروەها سیاسەتی بە عەرەبكردن، بە بەعسیكردن، جینۆساید‌و (ئەنفال)‌و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی‌ و گرتن ‌و لە سێدارەدانی بە كۆمەڵ لە لایەن بەعسەوە پەیڕەو دەكرا، تاكو خەباتی كوردی لەو سەردەمەدا بەتەواوی خەفە كرد.

بە بەرنامەیەكی نوێ حزبە سیاسییەكان دەستیان بەچەند هەنگاونانێكی نوێكردەوە ‌و، بەرەی كوردستانی لە 7/5/1987دا پێكهات‌ و كۆتاییان بە شەڕ و ململانێی خوێناوی نێوانیان هێنا، حیزبەكانی ناوی بریتی بوون لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، سۆسیالیست، پاسۆك، پارتی گەل‌، حزبی شیوعی عێراق/ كوردستان‌، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ‌و جووڵانەوەی دیموكراتی ئاشووری، كە لەگەڵ ڕاپەڕین هاتنەوە هەرێمی كوردستان.

ئێستا دوای 32 ساڵ لە ڕاپەڕین و بەدینەهاتنی زۆرینەی خواستەكانی ڕاپەڕین، زۆینەی حیزبەكانی ناو بەرەی كوردستانی لە سەر خاوەندارێتیكردنی ڕاپەڕین شەڕیانە، بەڵام سەرچاوە مێژووییە ئاگادارەكان و شایەتحاڵانی بەشداربووی ڕاپەڕین دووپات لە دوو خاڵ دەكەنەوە كە بوونە داینەمۆی ڕاپەڕین و دواییش حیزبەكان هەر یەكە و بەپێی قەبارەی توانای سەربازی و سیاسی و رێكخراوەیی و میدیایی خۆی بەشداریكردووە.

-یەكەم: دروستبوونی ڕەوشێكی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی گونجاو بۆ هاتنەئارای ڕاپەڕین بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن سەدام حوسێنەوە و هێرشی هاوپەیمانەكان بۆ سەر بەغدا.

-دووهەم: جەماوەری كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە ئەنجامدەری سەرەكی ڕاپەڕین بوون، نەك حیزب و لایەنە سیاسییەكان.

دەستپێكردنی ڕاپەڕین
دوای داگیركردنی كوێت لە لایەن سەدام حوسێنەوە لە ساڵی 1990 و دوای دەركردنی لەو وڵاتە بە هێزی هاوپەیمانان، گورزێكی كوشندە بەر ڕژێم كەوت‌و شیعەكان لە باشووری عێراق ڕاپەڕین، كوردیش لای خۆیەوە ڕاپەڕینی دەستپێكرد.

-لە بەرەبەیانی ڕۆژی 5ی ئاداری 1991 هاووڵاتیان لە شاری ڕانیەوە هەڵیانكوتایە سەر مۆڵگەكانی ڕژێم و تا ئێوارە ڕانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران.

-لە ٧ی ئاداری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی شارەكەیان ڕزگرد.

– لەی ٨ی ئاداری ١٩٩١ چەمچەماڵ و هەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاكانی زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریكە و پیرەمەگروون ئازادكران.

– لە ٩ی ئاداری ١٩٩١دا شەقڵاوە و كۆیە ئازادكران.

– لە ١٠ی ئاداری ١٩٩١، سەڵاحەدین و تەقتەق و ڕەواندز‌و قەرەهەنجیر و ئاغجەلەر و هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلك و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور ئازادكران.

– لە ١١ی ئاداری ١٩٩١دا، شاری هەولێر ئازادكرا.

– لە ١٢ی ئاداری ١٩٩١دا، جەلەولا ‌ئازادكرا.

– لە ١٣ی ئاداری ١٩٩١دا، دهۆك و زاخۆ ئازادكران.

– لە ١٤ی ئاداری ١٩٩١دا دەڤەری بادینان بە تەواوی ئازادكرا.

– لە 20ی ئاداری 1991دا لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا شاری كەركوك ئازادكرا.

بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە
پێت بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە
ژەهراویكردنی كچان بەردەوامە
دوات ژەهراویكردنی كچان بەردەوامە
پەیوەنیدر