بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆك ڕایدەگەیەنێت، منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵ و ژنێكی تەمەن 27 ساڵ كەوتنە نێو ئاوی خازرەوە و هەردووكیان خنكان ، بە پێی زانیارییەكان هەردوو قوربانییەكە بە ڕەگەز عەرەب بوون و بۆ گەشت و سەریران سەردانی ئەو ناوچەیان كردووە .
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاكرێ لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 04:30 خولەك خێزانێكی بە ڕەگەز عەرەب بۆ گەشتكردن سەردانی گوندی سێكانی سنووری ناحیەی باشیكی سەر بە پارێزگای موسڵ-یان كرد و چوونەتە سەر ڕووباری خازر.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە بەهۆی كەوتنە نێو ئاوی ڕووباری خازرەوە منداڵێك بەناوی (ش، م، ش) تەمەن هەشت ساڵ و ژنێك بەناوی (ا، س، غ) تەمەن 27 ساڵ خنكان.
ئاشكراشیكردووە، كە دوای ئەوەی كە تەرمی ئەو كوڕ و ژنە دەرهێندران، راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەی بەردەڕەش گواسترانەوە، پێش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا،لەئێستادا رێكارەكان بۆ رادەستكردنەوەیان بەكەسوكارەكانیان دەستیپێكردوە.
بە پێی زانیارییەكان، سەرەتا منداڵە هەشت ساڵانەكە كەوتووەتە نێو ئاوی خازر و دواتر ژنی مامی ئەو منداڵە هەوڵی رزگاركردنی داوە و بەڵام هەردووكیان پێكەوە خنكان.