نرخی نەوت لە مامەڵەی هەفتانەدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، هۆكاریی ئەمەش پەیوەندی بە گەشبینییەوە هەیە بەرامبەر بە داواكاریی چین لەسەر نەوت كە بە گەورەترین هاوردەكار دادەنرێت.
بازاڕەكان لە پاش شەپۆلێكی كورتخایەنی فرۆشتن بوژانەوە، دوای ئەوەی سەرچاوە ئاگادارەكان بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”ییان ڕاگەیاند كە وتوێژی ناوخۆيی ئیمارات سەبارەت بە چوونەدەرەوە لە ئۆپیك، تا بڕی زیاتری نەوت هەناردە بكات، دوورە لە ڕاستییەوە.
نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 3.6% ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 85.83 دۆلار، بە هەمان شێوە نەوتی خاوی ئەمریكایی خۆرئاوای تكساس بەڕێژەی 4.4% بەرزبۆوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 79.68 دۆلار.
زانیارییە ئابوورییەكانی چین ئاماژە بە بوژانەوەی هیواكان دەكەن سەبارەت بە گەشەكردنی داواكاریی لەسەر نەوت، بەو پێیەی كەرتی خزمەتگوزارییەكان لە شوباتی ڕابردووەوە بەشێوەیەكی بەرچاو چالاكبوون، لەگەڵ گەشەكردنی چالاكییە پیشەسازییەكانی تری وڵاتەكە كە دەبنە مایەی زیادبوونی داواكاریی لەسەر نەوت.