زێڕ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و زێڕنگەرێك هۆشداری دەدات



بەهۆی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سوودی بانكی و هەروەها گران كردنی كرێی حەواڵە لە هەرێمی كوردستان، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی و لە هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و تەنانەت ئاستی بۆرسەی تێپەڕاندووە.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیەی گەورە دەڕوات و چەندین زێڕنگەر لە زەرەردان، ئەوەش بەهۆی گرانی حەواڵە و گواستنەوە، كە یەک کیلۆ زێڕ بێنیتە کوردستان دەبێت 3200 دۆلار (32 وەرەقە) بدەیت، كە دەكاتە 5 ملیۆن دینار.

ڕاشیگەیاند، ئێستا زیاتر لە 25 هەزار دینار نرخی زێڕ لەسەروو بۆرسەیە، كە ئەگەر ئەو کێشانە بەردەوام بن زێڕیش لەناوخۆ بەرەو بەرزبوون دەچێت و زێڕنگەر ناتوانێ زێڕ بێنێتە کوردستان.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئێستا نرخی ئۆنسەی زێڕ بەرزبۆتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دادەبەزێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕسوماتەی لە هەرێم دەخرێتە سەری نرخەكەی لەجیاتی دابەزین بەرزدەبێتەوە.

وتیشی، “ئەمڕۆ شەممە نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ گەیشتۆتە 1856 دۆلار لەكاتێكدا لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بە 1806 دۆلار بوو، هەروەها نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 485 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 427 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 367 هەزار دینارە”.

ئەمە لە كاتێكدایە، كە ڕافایل بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی ئاتلانتا ڕایگەیاند، کە پێداگری لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی بە ڕێژەی 0.25٪ دەکات لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە.

سودانی: حزبەكان بەرپرسان دەپارێزن
پێت سودانی: حزبەكان بەرپرسان دەپارێزن
عیراق، بە تەواوەتی ڕێگە لە هاتنەناوەوەی خواردنەوە كحولییەكان دەگیرێت
دوات عیراق، بە تەواوەتی ڕێگە لە هاتنەناوەوەی خواردنەوە كحولییەكان دەگیرێت
پەیوەنیدر