شەوی (بەرات) دەكاتە شەوی 15ی شەعبان (نیوەی مانگی شەعبان) كە تەنها نزیكەی 15 ڕۆژێكی دەمێنێت بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ئەو شەو و ڕۆژەش چەند فەرمودەیەكی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)ی لەسەرە.
بەپێی ڕۆژمێری مانگی كۆچی (هجری)، كە سعودیە كاری پێ دەكات، 21ی شوبات بوو بە یەكەم ڕۆژی مانگی شەعبات و بەوهۆیەوە شەوی دوو شەممە لە سەر سێ شەممە (شەوی 6 لەسەر 7ی ئادار) شەوی 15ی شەعبان-ی كۆچی-یە.
شەوی 15ی شەعبان لە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان بە شەوی (بەرات) ناسراوە و منداڵان بە ماڵاندا دەگەڕێن و چكلێت و شیرینی بە سەریاندا دابەش دەكرێت.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، شەوی دوو شەممە لە سەر سێ شەممە (6 لەسەر 7ی ئادار) دەكاتە شەوی 15ی شەعبان، كە دەبێتە شەوی بەرات.
بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان-یش وتی، “ئێوارەی 29ی شەعبان، لیژنەكانی بینینی مانگی سەر بە وەزارەت و ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە شار و شارۆچكەكان كۆدەبنەوە و چاودێری بینینی مانگ دەكەن و ئەوان بڕیار لە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەدەن”.
بە هاتنی 15ی شەعبان یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بۆ مسوڵمانان ڕوون دەبێتەوە و تەنها ئەوەی دەمێنێت، كە لیژنەكانی بینینی مانگ لە كۆتا ڕۆژی مانگی شەعبان-دا دابنیشن بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و ئاشكراكردنی بینینی مانگ.
بە وتەی زانایانی ئایینی، “لە شەوی بەراتدا خوای گەورە لە بەندەكانی خۆش دەبێت و بەڕۆژوو بوون لە ڕۆژەكەیدا سوننەتە”.