لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا كورد یەكلاكەرەوە دەبێت



دەرچوونی هاوپەیمانەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە تەنها مەحاڵە و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی یەكلاكەرەوەیە

بڕیارە 14ی ئایار هەڵبژاردنەكان لەڕەوشێكی خراپی توركیادا بەڕێوەبچن و بەپێی پێشبینییەكان یەكلابوونەوەی هەڵبژاردن لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن زەحمەتبووە، بەڵام هەدەپە كە مەترسی داخرانی لەسەرە خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت، بۆ ئەوەش هەدەپە پلانی جێگرەوە و بڕیاری خۆی هەیە كە چۆن بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات و پشتیوانی كامە لایەنیش دەكات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند لە 14ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچن، بەوەش ئەو دەنگۆیانە رەتكرانەوە كە باسیان لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكرد.

هاوپەیمانی دەسەڵات ئەكەپە و مەهەپە هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە تا بەربژێرەكەیان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەربخەن لە ڕەوشێكی زۆر خراپدا، بەتایبەت دوای بومەلەرزەكان.

ئاستەنگەكانی پێش ئەردۆغان:
-چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی كارەساتی بوومەلەرزەكان و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت لەوبارەیەوە، بووە بە چەكێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دژی ئەردۆغان.
-خراپبوونی باری ئابووری توركیا، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و بێكاری .
-بەردەوامی مەترسی ڕوودانی بوومەلەرزە بەتایبەت لە شاری ئیستەنبوڵ بووەبەهۆی ئەوەی شارەكە لە رەوشێكی پڕ ترس و دڵەڕاوكێدا بژیت.
-دابەزینی ئاستی جەماوەری ئاكپارتی و خودی ئەردۆغان و بەپێی ڕاپرسییەكان دەرچوونەوەی ئەردۆغان زەحمەت بووە.
– كۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن لە هاوپەیمانێتییەكدا.

هەڵبژاردنەكانی توركیا لە رەوشێكی زۆر ناسكدا بەڕِێوەدەچن، بوومەلەرزەكان و كارەساتەكان هێندەی دیكە رەوشەكەیان ناسككردووە.

دوێنێ هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن كە بە مێزی شەش قۆڵی ناسراوە، جگە لە پارتێكیان پێنجەكەی دیكە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری جەهەپەیان وەك بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی دیاریكرد، چاوەڕێ دەكرێت دوو شەممەی داهاتوو بە فەڕمی رابگەیەندرێـت.

بەپێی راپرسییەكان رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەردوو هاوپەیمانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەیەكەوە نزیكبن، بۆیە خاڵی یەكلاكەرەوە هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە بە بەشداری هەدەپە.

پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە بەهێزترین پارتی كوردی توركیا و سێهەم گەورە پارتی توركیایە لە دوای ئەكەپە و جەهەپە، ئەو ئێستا ئەگەری داخستنی لەسەرە.

بڕیارە نۆی ئادار دادگای دەستووری توركیا چاو بە كەیسی داخستنی هەژماری بانكی هەدەپەدا بخشێنێتەوە كە ئایا دەیكاتەوە یان درێژە بە داخستنەكەی دەدات.

كاربەدەستانی هەدەپە دەڵێن ئەوان خۆیان بۆ هەموو رەوش و ئەگەرێك ئامادەكردووە.

جەمیل بایك هاوسەرۆكی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستانێ كەجەكە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پەیمانگەی ئاشتیدا رایگەیاند، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی یەكلاكەرەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا، هەردوو هاوپەیمانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئەوە باش دەزانن.

بایك دەشڵێت: لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشكرا دەركەوتووە دەسەڵاتداری ئەكەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. كۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەركەوتووە. ئابووری توركیا دەتوانرێت بگوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێكاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوكات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئەكەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەكناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشكی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشكی خۆی هەموو كەسی كردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەكەپە لە دەسەڵات لادەدرێت.

ڕوونیشیكردەوە “بێگومان بومەلەرزە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەنێت. دەسەڵاتداری ئەكەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكات. تاكە كارت كە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. كۆمەڵگا لە هەموو ئاستێكدا برسی كراوە، گەندەڵی و كردەوەی چەوت دەكرێن، گوشار و ستەم لەسەر كۆمەڵگا هەیە، كۆمەڵگا وەك پێشتر ناكەوێتە ژێر كارتێكەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم كە وەك پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئەكەپە-مەهەپە بكات.

ئەوەشی خستەڕوو لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی جمهور و میلـلەتیش باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە. بە بڕوای من كامە كاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەكی ئەرێنی و یەكگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموكراتیكی پرسی كورد و دیموكراتیكبوونی توركیا بكات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەكات. هەدەپە و پێكهاتەكانی ئەو دۆخە یەكلاكەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.

ئاشكراشیكرد دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە. دەسەڵاتداری ئەكەپە-مەهەپە بە ئەگەری زۆر هەدەپە دادەخەن. سیاسەتی دیموكراتیكی كورد، هەروەها هێزە دیموكراتیكەكانی توركیا ئامادەن بەپێی رووداوە چاوەڕوانكراوەكان لەسەر جێگرەوە و رێگە و رێبازی دیكە بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن؛ دەزانم كە بە دۆخی ئێستایانەوە ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە.

راوەماسی قەدەغەدەكرێت
پێت راوەماسی قەدەغەدەكرێت
بوومەلەرزەیەك مەڕەشی هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەك مەڕەشی هەژاند
پەیوەنیدر