جێگری سەرۆك وەزیران سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوویەوە و تاوتوێی دواپێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانیان كرد و دواتر باسی رەوشی عێراق و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەكۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ ٢ی ٣ لەهەولێر بەڕێوەچوو، جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی بوون، تیشك خرایە سەر كێشەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق و جەخت لە چارەسەركردنییان لەڕێی دیالۆگەوە كرایەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، گۆتێرێس باسی ڕۆڵ و گرنگی جەلال تاڵەبانی كردووە، كە وەك هاوڕێیەكی دێرین و دۆستی بووە، هاوكات داوای وەلانانی كێشەكان و چارەسەر كردنی گرفتەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
دواتر باسی رەوشی عێراق و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە و جەختكراوە لەسەر ئەوەی كەپێویستە لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراق بەشێوەیەكی بنەڕەتی كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هاوكات قوباد تاڵەبانی، بەوردی گرفت و كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ روونكردەوە و دیدی خۆی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو كێشانە خستەڕوو.