وائیل عەبدوللـەتیف سیاسەتمەداری عیراقی پێیوایە، چارەسەری قەیرانی ئاو دەكرێت لەڕێی بەكارهێنانی كارتی ئابوورییەوە بێت و سنوورەكان بۆ ماوەی تەنیا دوو هەفتە لەگەڵ توركیادا دابخرێن.
عەبدوللـەتیف لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”وڵات سیاسەتێكی هەڵە لەگەڵ توركیادا پیادە دەكات و هەموو وتوێژەكان لەگەڵ ئەنقەرەدا بێ سود بوون، تاكە چارەسەر بەكارهێنانی كارتی ئابوورییە لەلایەن حكومەتەوە كە خۆی لە داخستنی سنورەكاندا دەبینێتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە”.
بە وتەی ئەو سیاسەتمەدارە عیراقییە:”داخستنی سنوور و پچڕاندنی بازرگانی لەگەڵ توركیا بۆ ماوەی دوو هەفتە، توركیا ناچار دەكات پشكی ئاوی عیراق بەربداتەوە و كۆتایی بە قەیرانی كەمئاوی بهێنرێت كە لەئێستاوە دەستیپێكردووە و لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوور بە ڕوونی دەبینرێت”.
وائیل عەبدوللـەتیف پێیوایە:”گەر بڕیاری پچڕاندنی بازرگانی لەگەڵ توركیادا بدرێت، ئاراستەی دانوستانەكان دەگۆڕێن و توركەكان بۆ گفتووگۆ دێنە بەغدا”.
پێشتر محەمەد ساعدی شارەزای بواری ئابووری ڕایگەیاندبوو، بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لەگەڵ توركیادا دەگاتە چواردە ملیار دۆلار، بەو پێیەی هاوردەكردنەكانی عیراق لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا ڕێژەی 27%ی تێپەڕاندووە بەراورد بە ساڵانی پێشوو”.