سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی و بوونی بەنزینی 800 دیناری حكومی و كەم بوونەوەی خواست لەسەر بەنزین بەهۆیی نەمانی وەرزی گەرماوە، بەڵام نرخی بەنزین لە هەرێم لەجیاتی هەرزان كردن، گران دەكرێت.
ئەمڕۆ شەممە 26-11-2022، جارێكی دیكە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی ڕووی لە دابەزین كرد و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت دۆلارێك و 37 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزی.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساس، بۆ ماوەی 3 هەفتەی بەردەوامە لە ئاستی هەفتانەدا دابەزین بەخۆیانەوە دەبینین، بەوپێیەی لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 3.8٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە ڕێژەی 3.9٪ دابەزیون.
محەمەد، كە شۆفێرە لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی و هەروەها كەم بوونەوەی بەكارهێنانی بەنزین بەهۆی ئەوەی ئێستا تەبرید بەكارناهێنرێت، بەڵام نرخی بەنزین گرانە و هەرزان ناكرێت.
وتیشی، “لە دوو هەفتەی ڕابردوودا 50 دینار لە نرخی بەنزین داشكێنرا و لیترێك نۆرماڵ بوو بە 925 دینار و موحەسەن 1125 دینار، بەڵام بەبێ ئەوەی نرخی نەوتی جیهانی بەرزببێتەوە، هەفتەی پێشوو نرخی بەنزین 50 دینارەكەی خرایەوە سەر و گران كرایەوە”.
گران كردنەوەی نرخی بەنزین لەكاتێكدایە، كە چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆش جارێكی دیكە دابەزیوە و نرخی بەرمیلێك لە 80 دۆلار نزیك بۆتەوە.
لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین نییە و بەنزین لە دەرەوە كەم دێت و ئەوەی هەیە زیاتر ناوخۆییە، بۆیە نرخەكەی گرانە.
كاروان، كە شۆفێرێكە لە سلێمانی و ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بە غاز بۆ (خەڵك) دەڵێت: “گرانی نرخی بەنزین كاریگەری لەسەر هەموو شتێك دروست كردووە و كەس ئامادە نییە نرخی بەنزین هەرزان بكات لەكاتێكدا نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین”.
وتیشی، “ئەگەر گرانی بەنزین هۆكاری بەرهەمی ناوخۆبێت، خۆ ئێستا 3 پاڵێوگە لە هەرێم هەیە و حكومەتیش بەنزینی بە 800 دینار لە زۆربەی بەنزینخانەكان خستۆتە بەردەست، كەوایە بۆ گرانە؟”.