ئەمریكا و چین لەتایوان هێزی سەربازی كۆدەكەنەوە



فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و چین لەتایوان لەیەكدی نزیكدەبنەوە

دوای ئاشكرابوونی فەرمانی سەرۆكی چین شی جینگ پینگ بۆ ئامادەكاری سەربازی بۆ داگیركردنی تایوان، ئەمریكا هێزی زیاتر ڕەوانەی سنووری تایوان دەكات، بەیجینیش هێزی زیاتر كۆدەكاتەوە.

وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند لە ئێوارەی دوێنێوە تا كاتەكانی بەیانی ئەمڕۆ، ٢٩ فڕۆكەی سەربازیی و چوار كەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەكەدا بینراون.

وەزارەتی بەرگریی تایوان دەڵێت: لەو ٢٩ فڕۆكەیە ٢١یان چوونەتە ئەو ناوچەیەی تایوان بە ”ناوچەی ناسینەوەی بەرگری ئاسمانیی” رایگەیاندوون. ١٧ فڕۆكەی جەنگیی لە جۆری “J-10” و چواری دیكە لە جۆری “J-16″ بەسەر باشووری ئەو ناوچەیەدا فڕیون، هەروەها چوار كەشتی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەكەدا بینراون.

راشیگەیاند، ئەو فڕۆكە و كەشتییانەی لە دەوری دوورگەكەدا بینراون لە رێگەی ئامێری چاودێریی ئەلیكترۆنی و فڕۆكە و كەشتی دەورییە و سیستەمی مووشەكیی زەمینی چاودێریی كراون.

دوێنێش وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوی كردەوە ٢٥ فڕۆكەی سەربازیی و سێ كەشتی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەكەدا بینراون.

جموجۆڵی كەشتی و فڕۆكەكان دوای ئەوە هات كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن ئاماژەی بەوە كرد، تایوان بابەتی ناوخۆی چین نییە و روودانی هەر پێكدادانێك لێرە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.

ئەنتۆنی بلینكن لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ”ئەگەر بەهۆی شەڕانگێزییەكانی چینەوە، قەیران لە تایوان دروست ببێت، ئەوا دەرەنجامەكەی بۆ ئابووریی جیهان كارەساتبار دەبێت”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەیش كرد بوو كە كێشەی تایوان وەك ئەوەی چین باسی دەكات بابەتێكی ناوخۆیی نییە پەیوەندی بە سەروەرییەوە هەبێت، بەڵكو بابەتێكە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە.

چین كاردانەوەی نیشان دا لەهەمبەر لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، مائۆ نینگ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئاسایی رۆژانەیدا لێدوانەكانی بلینكن-ی بە ”بێ مانا و نابەرپرسانە” ناوزەند كرد و رەخنەی لێگرت.

مائۆ نینگ رایگەیاند: ”پەیامێكی روونمان بۆ ئەمریكا هەیە، واز لە تاكتیكی دابەشكاریی بهێنن، واز لە چەواشەكاری بهێنن لە بارەی تایوان، ئەگەر سووربێت لەسەر هەڵوێستەكەی باجەكەی قورس دەبێت”.

دوای سەردانەكەی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، نانسی پیلۆسی بۆ تایوان لە ئابی ٢٠٢٢دا، چین چالاكی دەوریەی سەربازیی لە دەوری دوورگەی تایوان ئەنجامدا.

چین كە دوورگەكە بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانێت، جەخت لەسەر بنەمای تەنیا چین دەكاتەوە و دژی ئەوەیە تایوان پەیوەندی راستەوخۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروست بكات و لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نوێنەرایەتی هەبێت، مەرجی ئەوەش لەسەر وڵاتان دادەنێت كە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تایوان بپچڕێنن.

چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سی ئای ئەی ولیەم بێرێنز ئاشكرایكرد، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان سەرۆكی چین شی جینگ پینگ فەرمانی بە سووپای وڵاتەكەی كردووە ئامادەباشی بكەن بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027.

بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سی ئای ئەی دەشڵێت “گومان لە توانای چین بۆ داگیركردنی تایوان لە ئێستادا هەیە، دوای شكستی ڕووسیا لە داگیركردنی ئۆكراین لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردووی جەنگدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئەمریكا بابەتی پلانی داگیركردنی تایوان لەلایەن چینەوە بەجدی وەربگرێت، تاكو ململانێی سەربازی لەوێ ڕوو نەدات.

ناوبراو بۆ كەناڵی CBSی ئەمریكایی ڕایگەیاند “دەزانین سەرۆكی چین شی جی پینگ فەرمانی بە سووپای ڕزگاری میللی كردووە ئامادەكاری بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027 بكەن، بەڵام جارێ ڕوون نییە بڕیارەكەی سەرۆكی چین ئەمساڵ یان ساڵێكی دیكە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت”.

دەشڵێت” بە بۆچوونی ئێمە سەرۆكی چین و سەركردایەتی ئەو وڵاتە گومانیان هەیە لە ئەمڕۆدا بتوانن لە ئەو هەنگاوەیاندا سەركەوتوو بن”.

كاربەدەستە ئەمریكاییەكە لەبارەی هێرشی چین بۆ سەر تایوان دەڵێت، ئەگەری ئەو هێرشە لە ئێستادا زۆر مەترسیدارە.

دوای جەنگی ناوخۆی چین و دەستبەسەرداگرتنی زۆرینەی خاكی ئەو وڵاتە لەلایەن پارتی كۆمۆنیستەوە لە ساڵی 1949 تایوان خۆی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەتی چین تایوان وەك هەرێمێكی چین سەیر دەكات و بە خاكی خۆی دەزانێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆرێك لە دەوڵەتەكانیش بەتایبەت دەوڵەتە گەورەكان دانیان بە تایواندا نەناوە.

لە ساڵی 1979دا سەرۆكی ئەمریكا جیمی كارتەر بەفەڕمی دانی بە دەوڵەتی چیندا نا بە ڕێبەرایەتی پارتی كۆمۆنیست، لە هەمان ساڵدا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، كۆنگرێس یاسایەكی بۆ بەردەوامی پەیوەندییەكان لەگەڵ تایوان پەسەند كرد.

لە كاردانەوەدا دەوڵەتی چین هۆشداریدا كە فڕۆكەی جەنگی ئەمریكا لە سنوورەكانی تایوان بینراون و ئەوەشی بە مەترسی دانا.

كچە خوێندكارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژەهراوی دەكرێن
پێت كچە خوێندكارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژەهراوی دەكرێن
نرخی كارەبای موەلیدە دیاریكرا
دوات نرخی كارەبای موەلیدە دیاریكرا
پەیوەنیدر