ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، عیراق پێویستی بە ئاگاداربوونەوەی جیهانییە سەبارەت بە تەنگژەی وشكبوونی دیجلە و فورات.
گوتێرش لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغدا ڕایگەیاند:”پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە عیراق بكات، لەڕووی چارەسەرەكردنی ئاڵەنگارییە ژینگەییەكان و هەمەجۆركردنی ئابووری، چونكە لەنێوان ئەو وڵاتانەدایە كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆرترین كاریگەریيان لەسەر دروستكردووە”.
بە وتەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان:”لەم مانگەدا هەوڵدەدەین پشتیوانی لە عیراق بكەین لە كۆنگرەی پەیوەست بە ئاو، بەو پێیەی عیراق وڵاتێكی گرنگ و میحوەرییە”.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرش دەڵێت:”عیراق پێویستی بە ئاوڕدانەوە و ئاگاداربوونی جیهانییە، سەبارەت بە وشكبوونی ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات”.