بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ دەستپێكردنی بە ئەلكترۆنی كردنی فۆڕمی خۆراك، چاوەڕێی هاتنی تیمێكین بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە فەرمانبەران بكەن.
یاسین مەحمود، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ ئەوەی فۆڕمی خۆراك بكرێتە كارتی ئەلكترۆنی.
ڕاشیگەیاند، ئامێری كۆننێكت كردن و سۆنارمان ئامادەكردووە، هاوشێوەی شوێنەكانی دیكە پێویستە تیمێكی پسپۆر بێن و لەسەر ئەو پڕۆگرامانە فەرمانبەران ڕاهێنان وەربگرن، بۆیە ئەمە كاتی زیاتری پێویست دەبێت.
لە ئێستادا لە پارێزگای نەجەف پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنی كردنی فۆڕمی خۆراك تەواو بووە و دراوەتەوە بە هاووڵاتیان و لە بەشێكی دیكەی پارێزگاكان دەستی پێكردووە و یەكەم پارێزگاش لە هەرێم لە دهۆكەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە بەم نزیكانە لە هەولێر و سلێمانیش دەستپێبكات.