سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی بەریتانیا كۆبووەوە كە لە میانیدا پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەریتانیا و بارودۆخی ھەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد.
بارەگای بازرانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی كردووە لە شاندێكی حكوومەتی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لۆرد ئەحمەد.
لە كۆبوونەوەكەدا “لۆرد ئەحمەد پێزانینی بۆ خەبات و تێكۆشانی مەسعود بارزانی ھەبوو، ھەروەھا رۆڵ و كاریگەریی مەسعود بارزانی بۆ بەدیھێنانی سەقامگیریی لە ھەرێمی كوردستان و عێراق بەرز نرخاندووە”.
رۆشناییش خراوەتەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و باسیش لە دوایین پێشھاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق كراوە.
بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان ئاڵوگۆڕ كراوە و لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی جەختی كردووەتەوە كە پێویستە ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم بەڕێوە بچن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكراوە لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەریتانیا و ھەردوولا جەختیان كردووەتەوە لە بایەخ و گرنگیدان بە پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و لەندەن.