سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی كارەسات و دۆخە لەناكاوەكان لە توركیا (AFAD) رایگەیاند، ٤٥ هەزار و ٨٩ كەس بەهۆی بوومەلەرزەكانی پارێزگای مەڕەشەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەو راگەیەندراوەی لەلایەن ئافادەوە بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە ١١ هەزار و ٢٠ پاشلەرزە لە دوای ئەو بوومەلەرزانە روویداوە كە چەقەكەی شارۆچكەكانی پازارجك و ئەلبستانی پارێزگای مەڕەش بوو.
لە پارێزگاكانی مەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، ئامەد، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، كلیس، ماڵاتێ و ئەلعەزیز بە تێكڕایی ٤٥ هەزار و ٨٩ كەس گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی ئەو كەسانەیش كە لە ناوچەكەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی توركیا، گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٩٧١ هەزار كەس.
لەئێستادا شەش هەزار و ٣٦٨ كارمەندی گەڕان و رزگاركردنی سەر بە ئافاد، تیمەكانی دیكەی نێو وڵات و تیمە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا ئەرك بەجێ دەگەیەنن.
كۆی گشتی ژمارەی كارمەندانی ئافاد، ئاسایش، جەندرمە، وەزارەتی بەرگریی توركیا، تیمی بەهاناوەچوونی پزیشكی نیشتمانیی، تیمەكانی ئامبوڵانس، خۆبەخشان و تیمەكانی ئاسایشی ناوخۆیی، گەیشتوونەتە ٢٣٤ هەزار و ٦٣٦ كەس.
هاوكات، ١٨ هەزار و ٤٠ حەفارە، كرێن، شۆفڵ، بلدۆزەر، گلەَابە، ترێلە، تانكەری ئاو و هاوشێوەكانی بۆ ناوچەی كارەساتەكە دابینكراوە.
لە رێگەی “پردی ئاسمانی”یەوە كە بۆ گواستنەوەی كارمەند و پێداویستی لەلایەن فڕۆكەكانی سەربە هێزە ئاسمانییەكان، هێزە وشكانییەكان، ئاسایشی كەناراوەكان و فەرماندەیی گشتیی جەندرمە پێكهێنراوە بە ١١٦ هێلیكۆپتەر و ٧٦ فڕۆكە، ١٣ هەزار و ٩٩٩ گەشتی ئاسمانیی ئەنجامدراوە.
هەروەها كۆی گشتی ٣٨ كەشتی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی توركیا و فەرماندەیی ئاسایشی كەناراوەكانی توركیاوە بۆ گواستنەوەی كارمەند و پێداویستی و دەربازكردنی هاووڵاتییان تەرخانكراوە.
دانانی ٣٥٨ هەزار و ٣٧ چادر لە ناوچە كارەساتبارەكان تەواوبوون و كابینەش لە ١١ پارێزگا و ٣٣٢ خاڵ دروست كراون.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە چادر، كابینە، بەشەناوخۆییەكانی GSB، هوتێل، میوانخانە گشتییەكان، دامەزراوەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە و دامەزراوەكانی دیكە لە ناوچە كارەساتبارەكان و دەرەوەی ناوچە كارەساتبارەكان نیشتەجێكراون گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٩١٥ هەزار و ٦٨٧ كەس.
هەروەها لە چوارچێوەی گرووپی پاڵپشتیی دەروونیی كۆمەڵایەتیی دوای كارەسات، چوار ناوەندی خزمەتی كۆمەڵایەتیی گەڕۆك لە مەڕەش، هاتای، عوسمانییە و ماڵاتێ دامەزراوە.
پاڵپشتیی دەروونی پێشكەشی یەك ملیۆن و ٢٥ هەزار ٢٩١ كەس كراوە كە ٦٩١ هەزار و ٣٨٨ كەسیان لە ناوچەی بوومەلەرزەكە و ٣٣٣ هەزار و ٩٠٣یان لە دەرەوەی ناوچەی بوومەلەرزەكەدا بوون.