ڕیسەكەی بانكی ناوەندی عێراق دەبێتەوە بە خووری
هەرچەندە عێراق لە ڕێگای بانكی ناوەندییەوە ڕێوشوێنی زۆری بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار گرتەبەر، بەڵام هێشتای بەهای دینار ڕوو لە دابەزینە.
مامەڵەی ورد و زۆری ڕێكارەكانی ئەمریكا لە عێراق دۆلاری بەرزكردووەتەوە، ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلاری ئەمریكایی بەرامبەر ١٥٨ هەزار دیناری عێراقییە.
لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەكی كاتی لە ١٥٢ بۆ ١٥٣ هەزار دینار تا ئاستێك جێگیری بەخۆیەوە بینیی، بەڵام ماوەی سێ ڕۆژە نرخی دینار بەردەوام دادەبەزێت، ئەمڕۆ نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٨ هەزار دینارە.
بانكی ناوەندی عێراق دوێنێ ٢٣٣ ملیۆن و ٩٢١ هەزاری خستووەتەڕوو، كە ١٨٠ ملیۆن و ٣٢١ هەزار دۆلاری بۆ حەواڵەو ٥٣ هەزار و ٦٠٠ هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە بوو.
هەروەها ئەمڕۆ، ١٤٠ ملیۆن و ٣٩٠ هەزار و ٢٨٥ دۆلاری خستووەتەڕوو، کە ٤٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری نەختینەیە، ٩٩ ملیۆن ٨٩٠ هەزار و ٢٨٥ دۆلاریش بەشێوەی حەواڵەیە.
بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا هیچ ڕێكار و فشارێكی نوێی بۆ عێراق نییە، بانكی ناوەندیش لەم ماوەی ئەم هەفتەیەدا ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو، بەڵام بەهای دینار لەبری بەرزبوونەوە، هەر دادەبەزێت.
ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و شارەزایی ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) دوو هۆكاری بۆ دابەزینی نرخی دینار خستەڕوو، یەكەمیان مامەڵەی بازرگانی زۆری نێوان عێراق و ئێران و فشارەكانی سیستمی سوێفتە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئەوەی ڕوونكردەوە، مامەڵەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران مانگانە دەیان ملیۆن دۆلارە، لەبەرامبەردا ئێستا حەواڵەكانی عێراق لە ڕێی سیستمی سوێفتە، ئەمریكاش فشار و مەرجی زۆری خستووەتە سەر حەواڵە بۆ ئێران لە ڕێگای سیستمی سوێفت، دەبێت بازرگانەكان زانیاری و دۆكیومێتی زۆر ورد پێشكەشبكەن، لە بوونی بچووكترین كێشەدا مامەڵەكە ڕادەگیرێت، حەواڵە بەڕێگای سیستمی سوێفت كاتی زۆری پێویستە، بۆیە بازرگانەكانیش ناچارن لە بازاڕی ڕەشدا ئەو بڕەی دەیانەوێت بیكەن بە دۆلار و كارەكانیان بەڕێبكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری دووەم، خواستی زۆری بازاڕ و كەمی خستنەڕووی دۆلارە لە بانكی ناوەندی، خواست بۆ دۆلار گەورەترە لەو بڕەی بانكی ناوەندی دەیخاتەڕوو، پێش فشارەكانی ئەمریكا هەفتانە ملیارێك بۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخستەڕوو، ئێستا هەفتانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو.
دابەزینی بەهای دینار لەكاتێدایە، تمەنی ئێرانی لەم هەفتەیەدا نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلار تۆماركرد، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك١٠٠ دۆلاری ئەمریكایی بەرامبەر شەش ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن بوو، بەڵام دواتر بەهای تمەن بەرزبووەوە، پاش بەرزبوونەوەی بەهای تمەنیش لە ڕۆژی دووشەممەوە دینار بەردەوام دادەبەزێت.