مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە بەناوی بەتاڵكردنەوەی سیحرەوە پارەی لەژنێك سەندووە و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەكەی و بێهۆشكردنی لێكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی ژنێك بەناوی بەتاڵكردنەوەی سیحرەوە دەچێتە ماڵێكەوە لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی و داوای بڕە پارەیەك لەخاوەن ماڵەكە دەكات، كە ئەگەر پارەكەی پێنەدا، ئەوا بێهۆشی دەكات و منداڵەكەی دەڕفێنێت، دوای پێدانی پارەكە، جارێكی دیكە و دوای چەند ڕۆژێك ژنە تۆمەتبارەكە داوای بڕە پارەیەكی تر دەكات.
ڕاشیگەیاندووە، خاوەن ماڵەكە هێزەكانی پۆلیس ئاگادار دەكاتەوە و سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە ماڵەكە و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرنجام توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنەوە دەستگیربكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەشدا توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا، كە تۆمەتبار لەخاوەن ماڵەكەی سەندبوو.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ك، پ، أ) لەدایكبووی 1977 لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.
پۆلیسی سلێمانی داوا لەهاووڵاتیان دەكات، “لەكاتی بوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكەن بەهێڵە گەرمەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە (بەشی پۆلیسی فریاكەوتن 104 – بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 105)”.