بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ بەشێك لە نووسەران و ئەدیبانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی ئێوە لەیاد ناكات و بەشانازییەوە هاوكار و یارمەتیدەرتان دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەی دەباشان بە نووسەران و ئەدیبانی ڕاگەیاند”مێژووی یەكێتی دەوڵەمەندە بە چەندین نووسەر و ئەدیبی ناسراو كە جێدەستیان لەناو حزبەكەدا دیارە و خەباتی بێوچانیان لەپێناو كوردستاندا كردووە، بەهەمان شێوە حزبەكەش پاڵپشت و پشتیوانێكی گەورەی نووسەران و ئەدیبان بووە”.
لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە نووسەران كرد”لە خزمەت خەمی گشتی و بەرەوپێشچوونی كایەكانی رۆشنبیریی كوردیدا بن و ڕەخنەگرێكی سەرسەختی دۆخەكە بن و سەرەتاش لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە دەستپێبكەن، نووسین بەرپرسیارێتییە و ئێوەش بەرپرسیارێتییەكی گەورە و مێژووییتان لەسەر شانە و قەڵەمێكی راستگۆ و سەنگین بن بەرامبەر خوێنەرانتان”.