سلێمانی بە شێوازێكی نوێ‌ پێشوازی لە نەورۆز دەكات



 

فێستیڤاڵی نەورۆزی 2023 ی زاینی بەرامبەر 2723 ی كوردی لە شاری سلێمانی بە داگیرسانی مەشخەڵ و چەندین چالاكی دیكەی هەڵپەڕكێ‌، گۆرانی و میوزیك، ئەسپسواری و ڕمبازی، شانۆ بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵی جەژنی نەورۆز لە بناری شاخی گۆیژە ڕۆژی 20\3\2023 بۆ شەشەمین ساڵ لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

زیاتر لە 120 كەپر لە فێستیڤاڵەكەدا دابیندەكرێن، نزیكەی 16 گروپ و ڕێكخراوی كاری دەستی و خواردن دروستكردن بەشدارن لەگەڵ بەڕێوەچوونی چەندین چالاكی هوونەری دیكەو داگیرساندنی مەشخەڵ.

مەریوان قەرەداغی، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی نەورۆز بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ جیاواز تر لە ساڵانی ڕابردوو فێستیڤاڵی نەورۆز بەڕێوە دەچێت هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چالاكییەكانی نەورۆز دەكات، سەرجەم پێكهاتەكان و كەمەنەتەوایەتییەكان بەشدار دەبن لە فێستیڤاڵەكەدا، ناوەندی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی لە ڕێگای ڕەشماڵ و كەسایەتی خێڵ و عەشیرەت و هۆزەكانی نزیك شاری سلێمانی كەلتور و فەرهەنگی ناوچەكانیان نمایش دەكەن.

لەبارەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەكەوە مەریوان قەرەداغی وتی، زیاتر لە 120 كەپر هەن، نزیكەی 16 گروپ و ڕێكخراوی كاری دەستی و خواردن بە تایبەت كاری خانمان بەشدارن، هاوكات بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی لەڕێگای سەنتەرە ڕۆشنبیرییەكانییەوە چەندین چالاكی پێشكەشدەكات، و زیاتر لە چوار گروپی میوزیك لە شارو شارۆچكەكانی بەشدارن لەگەڵ سێ‌ گروپی هەڵپەڕكێ‌، گروپی 12 سوارەی مەریوان نمایشی ئەسپ سواری و ڕمبازی دەكەن لە دەرەوەی مەیدانەكە، چونكە ساڵی ڕابردوو بەهۆی قەرەباڵغییەوە نەیان توانی نمایشەكە بكەن لەپێناو سەلامەتی گیانی میوانەكان.
وتیشی، لەناوەڕاستی مەیدانەكە ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و لەو كاتەدا گروپێكی بەهێزی شاخەوانیی كە نزیكەی 80 كەس دەبن بە مەشخەڵەوە بەسەر شاخی گۆیژەدا سەردەكەون.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، دەستپێكی فێستیڤاڵەكە بە وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەبێت و پاشان سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب و دواتریش سروودی نەورۆز، 21 مەشخەڵ ئاگركردنەكەی پێدەسپێردرێت كە نوێنەری هەموو پێكهاتە و كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی تێدایە و لە لایەن لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەكەوە هەڵدەبژێردرێن.

مەریوان قەرەداغی دەڵێت، مەسیحی و كاكەیی و یارسانەكانیش بەشدارن، زەردەشتییەكانیش بە نمایشكردنی شانۆییەكی تایبەت بە كردنەوەی ئاگر لە سەردەمی كەیخوسرەو بەشدار دەبن .

وتیشی، ئەم بیست ڕۆژەی كە ماوە چاوەڕوانی گرووپە هوونەرییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەین كە خوازیاری بەشداریكردنن لە فێستیڤاڵەكەدا بۆ ئەوەی ناویان تۆمار بكەین.

 

بانكی ناوەندی نزیكەی 234 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە
پێت بانكی ناوەندی نزیكەی 234 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە
دەروازەی كێلێ دادەخرێت؟
دوات دەروازەی كێلێ دادەخرێت؟
پەیوەنیدر