ژمارەیەك بازرگانان كەرەستەی فریاگوزاری لە شارۆچكەی جێندێرس لە هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان دەكڕن كە وەك هاوكاری پێشكەشكراون بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەو دواتر دووبارە بە نرخێكی زیاتر دەیانفرۆشنە ڕێكخراوەكان.
ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویكردەوە، لێقەوماوان پێویستییان بە پارەیە زیاتر لە خۆراك، بازرگانەكانیش ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە، خۆراك لە لێقەوماوان دەكڕن بە پارەیەكی كەم دواتر دەیفرۆشنە ڕێكخراوەكان بە پارەیەكی زیاتر.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، زۆرینەی ئەو كەسانەی خۆراك بە بازرگانان دەفرۆشن، بنەماڵەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیان كە بە ساختە ناویان خراوەتە نێو ناوی زیانلێكەوتووان، یاخود خۆراكەكانیان دزیوە.
شەممەی ڕابردووش، سەرچاوەیەكی مەیدانی ڕایگەیاند، سەركردەیەكی گرووپە چەكدارەكانی “ئەحرار شەرقیە”ی سەر بە توركیا لە “جەندیرێس”ی گوندەواری عەفرین، هاوكارییە مرۆییەكان بۆخۆی بردبوو كە بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزە هاتووە.
سەرچاوەكە پشتڕاستی كردەوە بازاڕی بازرگانی بۆ ئەم كەرەستانە لەلایەن هەندێك كەس قۆرخ كراوە كە پەیوەندییەكی بەهێزیان لەدەرەوە و ناوەوە هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە.