ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی جددییە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەمساڵدا و دەشڵێت،”نابێت ناكۆكی سیاسی ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان”.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند، هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دیارە و ساڵی رابردووش پارتی ئامادە بوو پرۆسەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام كە دواخرا مەبەست لێی ئەوە بوو لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و زۆر جددین ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، پێویستە لایەنەكانی دیكەش ئامادە بن بۆ هەڵبژاردن.
ئەو بەرپرسە بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و سازان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن حزبەكەی ئامادە بوو بە پێشنیاری لایەنەكان رازی بێت لەوەی هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش وەك پێشوو كارا بكرێتەوە و تۆماری دواین هەڵبژاردنی عێراقیش بەكار بێت بۆ هەڵبژاردن.
ڕاشیگەیاندووە، كە نابێت ناكۆكیی سیاسی، یان كێشەی سیاسیی نێو لایەنێكی سیاسی ببێتە هۆكار بۆ دواخستنی پرۆسەیەكی دیموكراسی و گرینگی وەك هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەیش پێویستە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا.