ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشوور سروشت و وێرانکاری



ئەبوبەکر کاروانی

لە چەندین شوێن ‌و وڵاتانی دنیادا شەڕی ناوخۆ ڕوویداوە، شەڕی ناوخۆش لەسەر ئاستی هەموو شوێن‌ و كات‌ و ئەزموونەكاندا، لە ھەموو شتێکدا وەك یەك نەبووە و ھەمان شوێنەواری لە دوای خۆیدا بەجێنەھێشتووە. هەندێ‌ لە شەڕە ناوخۆكان لەگەڵ ئاسەوارە خراپەکانی وەك ھەر شەڕێکی ناوخۆی تر، لە سۆنگەی پاشخانی فیكری‌ و ئامانج ڕۆشنی‌ و پێشكەوتووخوازی هەندێ‌ لایەنەكانی شەرەکە، بۆتە هۆکارێکی یەكلاكردنەوەی ناسنامەی سیاسی‌ و كامڵكردنی سیستم‌ و بەشداری زۆرتری خەڵك لە ژیانی سیاسی‌ و بە دیموكراتیزەكردن‌ و كەمكردنەوەی هەندێ‌ ڕواڵەتی دواكەوتوویی. بۆ نموونە جەنگی ناوخۆی بەریتانیا‌ چووە خزمەت زیاتر گەشەکردنی سیاسی و ناچارکردنی سیستم بۆ دووبارە خۆ پێناسەکردنەوە لەھەندێ ڕووەوە. جەنگی ناوخۆی ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەی سەدان ھەزار قوربانی و وێرانییەکی زۆری لێکەوتەوە، بووە ھۆی یەکلاییکردنەوەی پرسی یەکگرتوویی خاك و گەلی ئەمریکاو خێراترکردنی کۆتاییھێنان بە کۆیلایەتی، کە ھۆکارێکی جەنگەکە، پێداگری ھەندێ بازرگانی بێویژدان و ویلایەتەکان بوو لەسەر درێژەدان بەم بازرگانی و وەبەرھێنانە نائینسانی و قێزەونە.

كەچی لە ئەزموونە كوردییەكەدا، ناكۆكی سیاسی‌ و جەنگی ناوخۆ، سروشتێكی تەواو دوواکەوتووانەو دژە مێژووییانەی ھەیە. ئەگەر بە ڕواڵەت‌ و لە ئاستی پاساودانی شەڕەكەشدا، لایەنێك لایەنەكەی تری بە دواكەوتوو، نوێنەری قۆناغی دەرەبەگایەتی و باڵادەستی عەقڵی خێڵ و بەربەست لەبەدەم گەشەکردنی کۆمەڵایەتی وێناکردبێت و خۆی کردبێتە نوێنەری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەشەکردنی مێژوو بە مانا ڕۆشنگەریەکەی، لەبەرامبەرەوە لایەنە کەی تر ئەوی بە ھێڵی خیانەت و سازشکار و ڕاڕای ناو بزوتنەوەی نیشتیمانی کوردستان و کوردایەتی و تابوری پێنجەم و بەسروشت ھەڵتۆقیو و ناڕەسەن لەقەڵەم دابێ‌‌، لە سروشتی دوواکەوتووانەو جەوھەری دژە نەتەوەیی و مێژووییەکەی نەگۆڕیوەو وەسف و وێناکان وەك کەرەسەی پروپاگەندەو یەکتر ناشیرینکردن ماونەتەوە!

بە كورتی جیاوازی فیكر‌ و دیدگا و پاڵنەرەکان سەبارەت لە بە ھەردوو ڕا، سەرەڕای بوونی ھەندێ جیاوازی ناجەوھەری، ڕۆڵیان لە شەڕەكەدا هێدە نەبووە مۆرك ‌و ئاڕاستەکەی بگۆڕن و دەستکارییەکی قوڵی بکەن، ئەگەر فیكر لە بەرگی ئایدۆلۆژیا‌و دروشمی ئایدۆلۆژیشدا هەندێ‌ ئامادەیی هەبووبێت، ئەوا ئەو ڕۆڵەی نەبووە كە فیكرێكی نیشتمانی دیموكراتخوازی كراوە دەبێت هەبێت‌ و بیگێڕێت، چونكە خودی ئایدۆلۆژیاكە بە حوكمی چەپبوونی، وە تێگەیشتنی سەقەتی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، بۆ ئاماژەکانی خودی چەمكی (پێشكەوتن)‌، ھەروەھا بە پێوەركردنی نزیكی ‌و دووری لە فیكری چەپ ‌و بلۆكی سۆشیالیستی بۆ دەستنیشانكردنی كەس‌ و هێزی پێشكەوتووخواز‌ و پاشكەوتوو، نەك هەر هیچ رۆڵێكی ڕاستكەرەوە‌و ئەخلاقی نەگێڕاوە،بەڵكو ڕەھەندی ئاڵۆزتری خستۆتە سەر کێشەکان و پاڵنەری بوغز و ڕق و گیانی تۆڵەکردنەوەشی بەھێزتر و ترسناکتر کردووە دیدگایەكی ساختەشی لەمەڕ سروشتی ململانێ‌‌و شەڕەكە‌و ناسنامەی لایەنەكان ‌و بەرەنجامە چاوەڕوانكراوەكان‌ و دەركەوتەكانی خستۆتەڕوو.

كاتێك دوای چەندین گەڕی شەڕی ناوخۆ، دەبینین هەردوولایان ھاودیدن لەسەر وەسفی واقیع ناونانی‌ شەڕەكە بە: براكوژی، خۆكوژی، هەڵە، ھەروەھا شەڕ لەسەر دەسەڵات وپارە، وە جەخت لەسەر ناسنامەی شۆڕشگێڕ و نەتەوەییبوونی یەکتر دەکەنەوە، لە باسکردنی قۆناغی ڕابردوو، لێکدانەوەکان بۆ ھۆکارەکان، گفتووگۆو ڕێکەوتنەکان، ھیچ مەسەلەیەکی فیکری و جیاواز لەئارادا نییەو وەك دوو ھێزی نزیك لەیەك و ھاوشێوە دەردەکەون و جەخت لەھەمان بەھاو پێوەر دەکەنەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ناکۆکی و شەڕەکە بەسروشت دوواکەوتووە. سەماکردنێکی بێھودەیە لەسەر جەستەی داغانی ناسیونالیزمی کوردی. ناکۆکی و شەڕێکە ھەر لەمەیدانی شەڕەکەدا ھەزاران ڕۆڵەی کورد بەکوشتنادا، بەڵکو ھیوا بە ئاییندە لە دڵی بەشێکی بەرچاو لە زیندووەکانیشدا دەکوژێت.

چونكە سروشتی ناكۆكی‌ و شەڕ، بە دروشم‌ و پاساوەكانی كاتی گەرمبوونی ناكۆكیەكان ‌و تەقینەوەیان ناپێورێت، بەڵكو بەو بەرەنجامانە دەستنیشان دەكرێت لێیان دەكەوێتەوە، لە كوردستان ناكۆكی‌ و شەڕی ناوخۆی دوو هێزەكە، جگە لە (ماڵوێرانی)‌ و (هەڵوەشاوەیی) زیاتر‌ و (چاندنی تۆوی بوغز‌ و ڕق)‌ و (بەفیڕۆدانی تواناكان)‌ و (شێواندنی پرۆژەی نیشتمانی كوردستان) ‌و (لەدەستدانی دەرفەتەکان) و (نائومێدكردنی ڕۆڵەكانی میللەتەكەمان) و تێکدانی ڕەوتی گەشەکردنی سروشتی کۆمەلگە و شێواندنی ئەزموونی حوکمڕانی و تەشەنەکردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی، هیچ شتێکی تری لێنەكەوتۆتەوەو بڕواش ناکەم لێیبکەوێتەوە.

ھەڵبەت لێرەدا دەبێت سەرنج لەوە بدەین کە لە سۆنگەی واقیعی بێ دەوڵەتی کورد و گەلی باشور و کراوەیی ناکۆکی و شەڕەکەو ڕێگری لەسەرکەوتنی لایەك بەسەر لاکەی تردا، ئەگەر لایەنێکی جەنگەکەش بە جۆرێ لە جۆرەکان، نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی فیکری و ئەخلاقی و نیشتیمانی بکات، کاریگەری بەسەر سروشتی ململانێکەوە دانانێت، لەبەرئەوەی بواری یەکلایکردنەوە زۆر لەئارادا نییە، بەوەش مەسەلەکە دەبێت بە خولانەوە لە بازنەیەکی داخراوی پڕلە ڕق و توندوتیژی و نائومێدیدا.

خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی
پێت خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی
دواکەوتنی ھەڵبژاردن لە ھەرێم بوە بە نەریت
دوات دواکەوتنی ھەڵبژاردن لە ھەرێم بوە بە نەریت
پەیوەندیدار