بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت” لەسەر ئاستی عێراق سلێمانی بە پلەی یەكەم دێت لە بەكارهێنانی گۆشتدا و شارێكی خۆشخۆرە”.
د. شاڵاو عارف بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی بە ڕۆژنامەی (بازرگانی و پیشەسازی) ڕاگەیاندووە:” لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی كەمبوونەوەی ئاژەڵ لە شاری سلێمانی نییە، ڕاستە ڕێژەی سەربڕین كەمی كردووە، برەڵام هۆكاری ئەم كەمبوونەوەیە لە ئێستادا زیاتر ئاژەڵی گەورە سەردەبڕدرێت، هەروەها سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە (٦٠ بۆ ٧٠) تەن گۆشت هەیە كە ڕۆژانە ئەو بڕە گۆشتە دەخینە بازاڕەوە”.
بە وتەی د. شاڵاو:”سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بە پلەی یەكەم دێت لە بەكارهێنانی گۆشتدا، چونكە شارێكی خۆشخۆرە و گرنگی زۆر بە خواردنی خۆش دەدات، لەسەر ئاستی جیهانیش بەكارهێنانی گۆشت دەچێتە چوارچێوەی خۆشگوزەرانییەوە”.
لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور، د. شاڵاو عارف دەڵێت:”سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان زۆر پاشەكشێی كردووە و گرنگی پێنەدراوە و وەبەرهێنانكردن تێیدا لاوازە و گرنگی پێدانی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بە سامانی ئاژەڵ زۆر كەمە.
بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی پێیوایە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی كاریگەرییەكی زۆر كەمی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی كوردستان.
بە بۆچوونی د. شاڵاو عارف:”سامانی ئاژەڵی ناوخۆ بەشی زیاتر لەسەدا (٤٠)ی پێویستی ناوخۆ ناكات، هەر بۆیە لەسەدا (٦٠) پێویستییەكانی گۆشت لە دەروە هاوردەی هەرێم بكرێت لە ڕێگەی فەرمی و قاچاخەوە ئاژەڵ دێتە كوردستان”.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بەڕێوەبەری گوشتارگەی نوێی سلێمانی ڕایگەیاندووە”لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ گۆشتی زیندە قەپان لە پێنج هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ حەوت هەزار و ٨٠٠ دینار، هەروەها نرخی كیلۆیەك گۆشت لە كۆتایی ئەم پرۆسەیەدا بۆ ١٦ هەزار دینار لەسەر گۆشتفرۆشەكان دەكەوێت”.