ئەمریكا هۆشداری دەدات: زۆر مەترسیدارە
بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سی ئای ئەی ولیەم بێرێنز ئاشكرایكرد، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان سەرۆكی چین شی جینگ پینگ فەرمانی بە سووپای وڵاتەكەی كردووە ئامادەباشی بكەن بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027.
بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سی ئای ئەی دەشڵێت “گومان لە توانای چین بۆ داگیركردنی تایوان لە ئێستادا هەیە، دوای شكستی ڕووسیا لە داگیركردنی ئۆكراین لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردووی جەنگدا”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە ئەمریكا بابەتی پلانی داگیركردنی تایوان لەلایەن چینەوە بەجدی وەربگرێت، تاكو ململانێی سەربازی لەوێ ڕوو نەدات.
ناوبراو بۆ كەناڵی CBSی ئەمریكایی ڕایگەیاند “دەزانین سەرۆكی چین شی جی پینگ فەرمانی بە سووپای ڕزگاری میللی كردووە ئامادەكاری بۆ داگیركردنی تایوان تا ساڵی 2027 بكەن، بەڵام جارێ ڕوون نییە بڕیارەكەی سەرۆكی چین ئەمساڵ یان ساڵێكی دیكە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت”.
دەشڵێت” بە بۆچوونی ئێمە سەرۆكی چین و سەركردایەتی ئەو وڵاتە گومانیان هەیە لە ئەمڕۆدا بتوانن لە ئەو هەنگاوەیاندا سەركەوتوو بن”.
دوای جەنگی ناوخۆی چین و دەستبەسەرداگرتنی زۆرینەی خاكی ئەو وڵاتە لەلایەن پارتی كۆمۆنیستەوە لە ساڵی 1949 تایوان خۆی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەتی چین تایوان وەك هەرێمێكی چین سەیر دەكات و بە خاكی خۆی دەزانێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆرێك لە دەوڵەتەكانیش بەتایبەت دەوڵەتە گەورەكان دانیان بە تایواندا نەناوە.
لە ساڵی 1979دا سەرۆكی ئەمریكا جیمی كارتەر بەفەڕمی دانی بە دەوڵەتی چیندا نا بە ڕێبەرایەتی پارتی كۆمۆنیست، لە هەمان ساڵدا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، كۆنگرێس یاسایەكی بۆ بەردەوامی پەیوەندییەكان لەگەڵ تایوان پەسەند كرد.
كاربەدەستە ئەمریكاییەكە لەبارەی هێرشی چین بۆ سەر تایوان دەڵێت، ئەگەری ئەو هێرشە لە ئێستادا زۆر مەترسیدارە.
ساڵی ڕابردوو نانسی پێلۆسی سەرۆكی پێشووی كۆنگرێسی ئەمریكا سەردانی تایوانی كرد، سەردانێك گەورەترین مشتومڕی دروستكرد.
كاردانەوەكانی سەردانەكە بەجۆرێك بوو، مەترسی بەرپابوونی جەنگی گەورەی لێ دەكرا، چەندین مانۆڕی سەربازی بەدواداهات، فڕۆكە و كەشتییە جەنگییەكانی چین چەندین جار لە تایوان نزیكبوونەوە.
لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین، شارەزایانی سەربازی و سیاسی هۆشداریی ئەوەیاندا بوو چینیش هەوڵی داگیركردنی تایوان دەدات.