لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێك لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا ٥٩ كۆچبەری نایاسایی خنكان.
دەزگەی ئاگركوژێنەوەی ئیتاڵیا لە تویتەر بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی بەلەمێك كە ژمارەیەك كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە كەناراوەكانی ناحیەی ستێكاتۆ دی كوترۆ سەر بە پارێزگای كرۆتۆن نوقمبووە، ئۆپەراسیۆنێكی رزگاكردن دەستی پێكراوە و لەمیانیدا تەرمی ٥٩ كۆچبەر دۆزراونەتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئیتاڵیدا بڵاوكراونەتەوە، بەلەمەكە نزیكەی ٢٥٠ كەسی هەڵگرتووە كە بە رەگەز عێراقی، سووریایی، ئەفغانستانی و ئێرانی بوون.
بەپێی زانیارییەكان، قاچاخچییەكی مرۆڤ كە لە نێو بەلەمەكەدا بووە، لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵییەوە دەستگیركراوە.
نیگەرانی هەیە لەوەی ژمارەی ئەو كۆچبەرە نایاساییانەی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەكیان كۆرپە و منداڵن، ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانیان بگاتە ١٠٠ كەس و ئەوەش ئاشكراكراوە كە ٦٠ كەس رزگاركراون.