سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراین بڵاوی كردەوە، سوپای رووسیا ١٤ هێرشی مووشەكیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی كردووەتە سەر وڵاتەكەی.
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئۆكراین لە راگەیەندراوێكدا، پێشهاتەكانی جەنگی بڵاوكردەوە “رووسیا هێرشەكانی بۆ سەر كوپیانسك، لیمان، باخموت، ئاڤدیڤكا و شاهتێرسك چڕكردووەتەوە و سەربازانی ئۆكراین ٧١ هێرشی رووسەكانیان تێكشكاندووە”.
هەروەها باس لەوە كراوە، هێزەكانی رووسیا بۆ دیاریكردنی ئامانجەكانیان بە بەردەوامی لە ئاسمانەوە پشكنین دەكەن و هاتووە ”سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەكیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە. لەڕێگەی سیستمەكانی مووشەكهاوێژەوە ٥٧ جار بۆردومانی كردووە. هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەركەوتووە و برینداربوون”.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، هێزەكانی ئاسمانیی ئۆكراین لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٢ هێرشیان كردووەتە سەر ئەو ناوچانەی چەكەكانی سەر بە سوپای رووسیای لێن، هەروەها سێ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی رووسیایان خستووەتە خوارەوە، یەكەكانی تۆپهاوێژیش دوو ناوچەی كۆبوونەوەی یەكەكانی رووسیا و شوێنی راداریان لەناوبردووە.