مەترسی ڕێككەوتنی ئەنقەرە و تاران و بەغدا دژی كورد هەیە



خەڵك-
ئێران و توركیا گووشار و هێرشەكانیان بۆ سەر سێ پارچەی كوردستان زیادكردووە، لەلایەكی دیكەشەوە لەسەر داوای ئێران بەغدا بڕیاریداوە هێزی پاسەوانی سنوور لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان “ئێران و عێراق”دا بڵاوەپێبكات.

ڕۆژی یەكشەممە 20\11\2022، توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەناوی چنگی شمشێر ڕاگەیاند و هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە لە باشووری كوردستان و هێزەكانی سووریای دیموكرات – هەسەدە لەڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد.

ڕۆژی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی بە فڕۆكەی جەنگی و درۆن و تۆپخانە دەستمانپێكردووە، سەرەتای ئۆپەراسیۆنە و بەم نزیكانە لە زەمینييەوە هێرش دەكەینە سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

هاوكات شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریداوە هێزی پاسەوانی سنوور لەسنوورەكانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان “ئێران و عێراق” بڵاوەی پێبكرێت.

ئەم بڕیارە هەمان ئەو داواكارییەیە كە ئێران لە بەغدایكردووە، وەك مەرجێك بۆ ڕاگیرانی پلانی هێرش زەوینی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بۆ لێدان لە بارەگاكانی پارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

شارەزایانی سەربازی و سیاسی لەم هەنگاوەی بەغدا و تاران بە گوومانن، بە پلانێكی دەبینن بۆ گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگای جێگیركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی نزیك لە ئێران لە سەر سنوورەكان بە دوو ئامانج:

ئامانجی یەكەم: گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەك و زیاتر گووشارخستنەسەری.

ئامانجی دووهەم: كۆنتڕۆڵی زیاتری سنوورەكانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات لەحاڵی هاتووچۆی هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات.

بەپێچەوانەی یەكگرتوویی بەرەی نەیارانی كوردەوە، بەرەی ناوخۆی كورد زۆر پەرتەوازەیە، زۆرینەیان لە دژی یەكدین، پلانێكی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە دەرەكییەكان نییە.

هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەیارانی كورد باش خۆیان ڕێكخستووە، گومان دەكرێت ئەوەی دەگوزەرێت ڕێككەوتنێكی نێوان ئێران و توركیا بێت، بە ئاگاداری عێراقیش، چونكە ئەوان زۆرێك لە ڕێككەوتنەكانی پێشوو دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی بیكەنە بیانوو بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لە بەرامبەردا وەك چۆن نەیارانی كورد، خۆیان ڕێكخستووە، بەپێچەوانەوە نێوماڵی كوردی تووشی پەرتەوازەیی و لێكترازان كردووە، ئەوەش وایكردووە دوژمنان زیاتر فشار بخەنە سەر پارچەكانی دیكەی كوردستان.

ئەو چاودێرە دەڵێت “ئێران هێز كۆدەكاتەوە و توركیاش زۆر بێشەرمانە دەڵێت ئۆپەراسیۆن لە ئان و ساتدایە، بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو هێرش و هەڕەشانە مەترسین بۆ سەر ئەزموون و ڕاپەڕینی كوردستان، بۆیە پێویستمان بەوەیە لە چوارچێوەی ستراتیجی نیشتیمانیدا كۆببینەوە و مەترسییەكان وەك خۆی ببینین”.

باس لە ئەوەش دەكات، تا ئێستا ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی و پەكەكەو پارتی، كاردانەوەی زۆر نەرێنی لەسەر ئەو هیوا و ئاواتەی خەڵكی كوردستان داناوە بە نەرێنی، ئەوانە هۆكارن بۆ ئەوەی نەتوانرێت هەموومان لە چوارچێوەیەكی نەتەوەیی كۆببینەوە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو مەترسییانەی ڕووی تێكردووین.

بە بڕوای هیوا سەید سەلیم، دەبێت هەر هەوڵێك بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە ئەرێنی لەقەڵەم بدرێت و هەموومان بەرەو پیری ئەو هەوڵانە بڕۆین.

دەشڵێت، مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش هەیە، بۆردومانی كەمپی هۆڵ كراوە كە بەهەزاران داعشی تێدایە، ئەمانە هەمووی مەترسین بۆ كورد، پێویستە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان باشببێت، لەباشوور یەكێتی و پارتی، لە باكور هەدەپە لە ڕۆژئاوا حزبە كوردستانییەكان.

ڕاشیگەیاند “لە ڕۆژهەڵات هەردوو حیزبی دیموكرات و هەردوو كۆمەڵە ئەو هەنگاوەیان نا كە هەنگاوی ئەرێنی و كاریگەرن، پێویستە سەرجەم لایەنەكانی دیكەش هەمان هەوڵیان هەبێت.”

توركیا دەست بۆ بۆمبە مەترسیدارەكەی ڕۆژئاوا دەبات
پێت توركیا دەست بۆ بۆمبە مەترسیدارەكەی ڕۆژئاوا دەبات
ئەمریکا هۆشداری دەداتە تورکیا
دوات ئەمریکا هۆشداری دەداتە تورکیا