كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، وەڵامی لێدوانی كاربەدەستێكی دەوڵەتی سوێدی دایەوە كە ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەك تاوانبار هاوكاریی مادی پەكەكە دەكەن.
كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە، ڕایگەیاند “چەند ڕۆژێكە هەندێك لەدەسەڵاتدارانی سوێد، حیزب و جووڵانەوەی ئێمەیان بەچەند شتێكی نادروست تۆمەتباركردووە، تاوەكو بزووتنەوەی ئازادیی كوردستان بە تاوانبار نیشان بدەن”.
ڕوونیشیكردەوە “پەكەكە پارتێكی سیاسییە، بۆ ڕزگاریی و ئازادیی كورد و كوردستان تێدەكۆشێت و بۆ ئەوەش قوربانیی زۆر قورسی داوە، هیچ پەیوەندییەكی بە كەس و لایەنە تاوانبارەكانەوە نییە و لە دژی ئەو لایەنانەشە”.
ئاماژە بە ئەوەشدەكات “هەرچەندە ڕاستییەكە ئەوەیە، بەڵام دەوڵەتی توركیا و دەوروبەرەكەی، بۆ ئەوەی حیزبەكەمان تاوانباربكەن پەنا دەبەنە بەر هەموو چەواشەكاری و نەبوونییەك، ماوەیەكە باڵیۆز ئۆسكار سترێنسترۆم سەرۆكی شاندێكە و بە ناوی سوێدەوە گفتووگۆ لەگەڵ توركیا دەكات، چووە بەشداریی لەو تاوانباركردنە ناڕاستانەدا كردووە، گوایە هەندێك تاوانبار لەسوێد تاوانی زەوتكردن، بەكارهێنانی چەك و ماددە هۆشبەرەكان ئەنجامدەدەن و ئەوانە هاوكاریی دارایی حیزبەكەمان دەكەن”.
دەشڵێت “ئەو لێدوانەی سترێنسترۆم ڕاست نییە، هیچ شتێكی لەو شێوەیە نییە و ئەو تاوانباركردنانەی بۆ ڕازیكردن و دڵخۆشكردنی ئەو توركانە بووە، كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدەدات، ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها لەلایەن سترێنسترۆمەوە نادرێن، بەڵكو لەم دواییانەدا، لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، بۆ ڕازیكردنی حكومەتی توركیا و ئەردۆغان، بەرپرسانی حكومەتی سوێد، وەك تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوە لێدوانی لەو شێوەیە دەدەن.”
دووپاتیشیكردەوە “ڕەنگە حكومەتی سوێد گەشە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا بدات، بەڵام با سەودا و مامەڵە لەسەر ئێمە و كورد نەكات، نەبنە پشتیوانی ئەردۆغان، كە لە وڵاتی ئێمە تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات”.