ئەمریکا هۆشداری دەداتە تورکیا



خەڵک

پنتاگۆن هۆشداریدا لەوەی، پەرەسەندنی دۆخەکە هەڕەشە لە پێشکەوتنی چەندین ساڵەی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات لە سووریاو هۆشداری ئەوەشیدا لەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا مەترسی لەسەر سەلامەتی گیانی سەربازانی ئەمریکا دروست دەکات.

 

لەمبارەیەوە پات ڕایدەر، وتەبێژی هێزی ئاسمانی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە لە سووریا ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر سەلامەتی گیانی سەربازان و کارمەندانی ئەمریکایی دروستکردووە، کە لەگەڵ هاوبەشە خۆجێییەکان لە سووریا کاردەکەن بۆ شکستپێهێنانی داعش و پاراستنی ئەو هەوڵانەی بۆ چاودێری زیاتر لە 10 هەزار دەستگیرکراوی داعش دەدرێن.

ڕایدەر ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرەسەندنی دۆخەکە هەڕەشە لەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە شەڕی دژی داعش لە ناوچەکەدا بەدەست هاتوون.

 

ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ڕەوانەی سووریا کردووە کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەن و لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی.

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە لێدوانێکدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكایی ڕایگەیاند: “ئەردۆغان دەیەوێت لە ڕێگەی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەزموونی كورد لە سووریا لەناو ببات و هێرشەكانیشی وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبەكەی بەكاربهێنێت”.

ئەنقەرە لە وەڵامی هێرشێکی بۆمبڕێژکراوی هەفتەیەک لەمەوبەری سەر ئەستەنبوڵ کە بەهۆیەوە شەش کەس کوژران و تیایدا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانی تۆمەتبارکرد، سوپای تورکیا لە کۆتایی هەفتەدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامدا .

 

تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەیکەی ئەستەنبوڵ لە ئەستۆ نەگرتووە و هەریەکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕەتیدەکەنەوە دەستیان لەو کارەدا هەبووبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا تەنیا سەرەتایەکە و دوای پەرەسەندنی هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوە، لە کاتی گونجاودا ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەستپێدەکەن.

 

شەوی ڕابردووش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كامپی هولیان لە پارێزگەی حەسەكە بۆردوومانكرد، كە هەزاران تێرۆریستی داعشی تێدا زیندانین و ژمارەیەك داعش هەڵهاتن.

 

هەر شەوی ڕابردوو لەبەرامبەر بێ هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر هێرشەكانی توركیا، هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنەكانی دژی چەکدارانی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕابگرێت.

 

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکووری سووریا هەڕەشە لە کارمەندانی هێزە کوردی و ئەمریکاییەکان دەکات، لە ساڵی ٢٠١٩ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتنە بەر هەڕەشەی بۆردوومانەکانی تورکیا کاتێک تورکیا هێرشی مووشەکی کردە سەر هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا .

مەترسی ڕێككەوتنی ئەنقەرە و تاران و بەغدا دژی كورد هەیە
پێت مەترسی ڕێككەوتنی ئەنقەرە و تاران و بەغدا دژی كورد هەیە
هاووڵاتیانی عێراق، بە لێشاو ڕوو لە کڕینی “گۆڕ” دەکەن
دوات هاووڵاتیانی عێراق، بە لێشاو ڕوو لە کڕینی “گۆڕ” دەکەن