بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، باندێكیان دەستگیركردووە، كەدوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە شەوانە لەسەر زێی گەورە، ماددەی هۆشبەریان بەكاردەهێناوە و دواتر دزییان لە خەڵك دەكردووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، كە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی خەبات، لە سنووری ناحیەی كەورگۆسك، باندێكیان دەستگیركرد، كە لە شەش تۆمەتبار پێكهاتبوون و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە شەوانە لە نزیك ناحیەی كەورگۆسك لەسەر زێی گەورە، ماددەی هۆشبەریان بەكاردەهێنا و دواتر دزییان لە خەڵك دەكرد.
ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتباران، كەلەكاتی دەستگیركردنیاندا دەست بەسەر كۆمەڵێك كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و دەمانچەیەك و ئۆتۆمبێلێكدا گیرا، دانیان نا بە تاوانی دزیكردن لە چوار ماڵ و سێ ماركێتدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەكانی (٤٤٣) و (٤٤٦) لە یاسای سزادان و ماددە (٢١)ی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ڕاگیران.