هەڤاڵ ئەبوبەكر پەیامێك بۆ یەكخستنی ئیرادەی نیشتمانیی بڵاودەكاتەوە



پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری سەرەكیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و كەوتن و شكست و پاشەكشەو لەتبونمان؛ ناكۆكییە ناڕەواكانمانن و دەشڵێت: “پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناكۆكییەكانتان بەردەن. ئەگەرنا؛ ناكۆكییە ناڕەواكانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەك بەردەدات”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا بۆ “یەكخستنی ئیرادەی نیشتمانیی” ڕایگەیاندووە، مێژومان ئەزمون نەكردووە و هەزار گلان نەیكردوین بەسوار، نە سودمان لە شكستەكانمان بینیوە، نە توانیومانە سەركەوتنەكان بپارێزین.بەردەوام هەندێكمان دەبینە كلكی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێكی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵكردنی یەكتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەكتر قبوڵدەكەن، یاخود نایكەن، گرنگ ئەوەیە یەكتر قبوڵبكەن، یەكتر ئاشتبكەنەوە و ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبكەنەوە، لە كەلەڕەقیی و سەركەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بكەونەوە.

دەقی پەیامەكە:

بۆ هەموو كوردو كوردستاننشینان، لە هەر كوێیەكی دنیا هەن..
هۆكاری سەرەكیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و كەوتن و شكست و پاشەكشەو لەتبونمان؛ ناكۆكییە ناڕەواكانمانن، قبوڵكردنی هەموو ئەوای ترە بە دوژمنەكانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و شەڕی میرەكان و شەڕی براكان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان هەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاك، چ لەسەر ئاستی كۆمەڵگاو دامەزراوە كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و حیزبیی حكومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەكان؛ پەرت و كەرت و كەم و كورت و كووڕ بوین و؛ چاومان یەكتر نابینێت.
مێژومان ئەزمون نەكردووە و هەزار گلان نەیكردوین بەسوار، نە سودمان لە شكستەكانمان بینیوە، نە توانیومانە سەركەوتنەكان بپارێزین.بەردەوام هەندێكمان دەبینە كلكی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەكمان شینی ئەویترمان و كۆستی لایەكمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار كردووە.
((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحكومن بەوەی؛ كە دووپاتی بكەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، كاتی ئەوە درەنگبووە كە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داهات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.
مانەوەو چارەنوسی كوردو كوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی كەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەكەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەكی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵك و خاك و نیشتمانەكەمان و خۆمان؛ زامنبكەین، تاوان و كارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەكانی پێشوومان؛ ڕاستبكەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێكبكەینەوە.
بە ناكۆكیشمان تەنها قەدەری ژیانێكی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.
بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاك و دەستەو لایەنێكی ئەم كوردو كوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان، دەكەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێكی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵكردنی یەكتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەكتر قبوڵدەكەن، یاخود نایكەن، گرنگ ئەوەیە یەكتر قبوڵبكەن، یەكتر ئاشتبكەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبكەنەوە، لە كەلەڕەقیی و سەركەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بكەونەوە.
خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەكتر درێژبكەن، بۆ ئاشتیی پرس بە كەس مەكەن، تێبگەن لەوەی كەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بكەن.
ئیرادە و شكۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسكەوتەكانی كوردو كوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەكەن.
ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو بوێربن؛
پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناكۆكییەكانتان بەردەن.
ئەگەرنا؛
ناكۆكییە ناڕەواكانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەك بەردەدات.

 

بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بۆ مانگی ڕەمەزان زیاد دەكرێت
پێت بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بۆ مانگی ڕەمەزان زیاد دەكرێت
نرخی زێڕ دابەزی
دوات نرخی زێڕ دابەزی
پەیوەنیدر