سالانە لە بەشێكی زۆری فەرمانگەكان بۆ بەستی دەرماڵەی پیشەیی و مەترسی مەرجی پسوڵەی ئەندامێتی و ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوەكان دەكرێتە مەرج و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت: “بەتەواوەتی كارێكی نایاساییە، چونكە ئەندامێتی سەندیكا و ڕێكخراوەكان ئارەزوومەندانەیە و پەیوەندی بە مووچە و دەرماڵەوە نییە”.
خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، زۆرێك لە دامودەزگا و فەرمانگە حكومیەكان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، فشار لە فەرمانبەرەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی پسوڵەی ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان بهێنن، بە پێچەوانەوە دەرماڵەی مەترسی و دەرماڵەی پیشەییان بۆ خەرج ناكرێت.
وتیشی، “ئەم كارە بەتەواوەتی كارێكی نایاساییە، لەبەرئەوەی ئەندام بوون لە سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان و ڕێكخراوەكانی تری كۆمەڵی مەدەنی ئارەزومەندانەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە مووچە و دەرماڵەوە نیە و مووچە و دەرماڵەكان بە یاسا ڕێكخراون” .
ڕاشیگەیاندووە، یاداشتمان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی گشتاندن دەربكات بۆ سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەكان، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت پسوڵەی ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان، بكرێتە مەرج بۆ خەرجكردنی دەرماڵە.
جەختیشی كردەوە، پێویستە فەرمانبەرانی سەرجەم توێژەكانیش لەم بارەیەوە ئاگادار بن، كە ئەندام بوون لەو سەندیكا و ڕێكخراوانە پەیوەندی نیە بە مووچە و دەرماڵەكانیانەوە.