لەو دەمەی بوملەرزە وێرانكەرەكە لە 6ی شوبات ڕوویدا و دەیان هەزار بەو هۆیەوە لە توركیا و سوریا بونە قوربانی، زۆرێك تاوتوێی كاریگەرییەكانی بومەلەرزەكە و دەرهاویشتەكانی دوای ڕووداوەكە دەكەن، لەگەڵ ئەو زیانانەی بومەلەرزەكە بە سروشت و مرۆڤی گەیاند.
دوای چەند ڕۆژێك لەو بومەلەرزەیە كە بە “گەورەترین لە ماوەی سەدەیەك”ی مێژووی توركیادا وەسفكرا، چەند دیاردەیەك دەركەوتن كە لێكدانەوە هەڵناگرن، هەندێكییان ڕاستەقینەن و هەندێكی ترییان بەهۆی ترس و دڵەڕاوكێی خەڵكەوە دروستكراون، پاش ئەوەی زیاتر لە 50 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و دەيان هەزار كەسیش ئاوارە و پەڕاگەندە بوون.
دوایین ئەو دیاردە سەیرانە، ڕووداوەكەی شاری قۆنیەی توركیایە، بەجۆرێك دانیشتوانی ناوچەی ڕەشادیە بەشێوەیەكی لەناكاو چاڵێكی گەورەیان دۆزییەوە و بووە مایەی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێوان دانیشتوانی ناوچەكە كە دەوترێت بەهۆی كاریگەریی بومەلەرزەكانەوە دەركەوتووە.
ئاژانسی “ئەنادۆڵ” بڵاویكردەوە، ڕووبەری چاڵەكە 1400 مەترە كە قوڵایی 12 مەتر و پانتایی 37 مەترە، دەركەوتنی ئەو چاڵە بەشێوەیەكی لەناكاو بۆتە مایەی سەرسامبوونی دانیشتوان و هۆكاریی دروستبوونەكەشی بۆ بوملەرزەكان دەگێڕنەوە.