ساڵێك لەمەوبەر و لە 24ی شوبات، سەرۆكی ڕوسیا فەرمانی هێرش كردن سەر خاكی ئۆكراینای دا و لە ماوەی ئەو ساڵەی جەنگیشدا 14 ملیۆن ئۆكرانی ئاوارە بوون و زیاتر لە 8 هزار كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 هەزار سەربازیش كوژراون.
ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 2022، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕوسیا بڕیاریدا جووڵە بە سوپای وڵاتەکەی بکات و هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و ئۆپەراسیۆنەكەی ناو نا “ئۆپەراسیۆنی تایبەت” بەهۆی ئەوەی ئۆكراینا چووە پاڵ بلۆكی ڕۆژئاوا.
لە یادی یەك ساڵەی جەنگی ڕوسیا- ئۆكراینا، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ملیۆنان ئۆکرانی ساڵێک پێش ئێستا بریاری شهڕیاندا، نەک خۆ بەدەستەوەدان و ڕوسیا وایدەزانی لەماوەی 3 ڕۆژدا ئۆکراینا شکست دەهێنێت، بەڵام ئۆكرانییهكان جەنگان.
وتیشی، “24 ی شوباتی ساڵی ڕابردوو، قورسترین ڕۆژ بوو بۆیان، لەو ڕۆژەوە بڕیارە قورسەکەیان دا و خۆیان بۆ بەرگریکردن لە وڵات و نەتەوەیەکەیان تەرخان کرد”.
وتیشی، “شەیتان هێشتا لەم دەورووبەرەیە و جەنگ بەردەوامە، بەڵام ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین بە سەرکەوتنی ئێمە کۆتایی دێت”.
ئۆكراینییەكان بەهۆی جەنگەوە ساڵێكی پڕ لە ناخۆشی و نەهامەتییەكان بەڕێكرد، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هەزار سەرباز كوژراون و وەك نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “نزیکەی 8 هەزار سڤیلی ئۆکراینی لە جەنگی ڕوسیا- ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون”.
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامارێكدا سەبارەت بە شەڕی یەك ساڵەی نێوان ڕوسیا و ئۆكرایەنا دەڵێت: “نزیکەی 18 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە، هەروەها 14 ملیۆن کەسی دیکەش ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە”.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە ئۆکراینا پیاوان نزیکەی 61%ی قوربانییەکانن و هەروەها ژنانیش 40%ی تێکڕای قوربانییەکان. لانیکەم نزیکەی 487 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 1000ـی دیکەش برینداربوون.
هاوكات، كارین جان پێیەر، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی 24ی شوباتی 2023، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئۆكرانیا، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردەكانی ناسراو بە كۆمەڵەی حەوتەم و ڤۆڵۆدیمیر زێلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لە رێگەی ئۆنڵاینەوە، لەبارەی پێشهاتەكانی ئەو جەنگە كۆدەبێتەوە.
ڕایگەیاندووە، بایدن پاكێجێكی دیكەی سزا بەسەر ئەو وڵاتانه ڕادەگەیەنێت، كە پاڵپشتی لە ڕوسیا دەكەن، پێكدێن لە سزا بەسەر بانكەكان، بەرگری و تەكنەلۆژیا.
لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی كۆماری چینی میللی داوا له ڕوسیا و ئۆكراینا دهكات بهخێرایی دهست به گفتوگۆی ئاشتیانه بكهن و كۆتایی بهو جهنگه بهێنن و هۆشداریشی دا لهوهی لهو جهنگهدا چهكی ناوەكی بهكاربهێنرێت.