تەها مەجمەعی ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بودجەی 2023 لە سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو دەگاتە پەرلەمان و لەماوەی چەند هەفتەیەكيشدا یەكلایی دەكرێتەوە.
مەجمەعی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”بودجەی 2023 لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێتەڕوو لەپێناو دەنگدان لەسەری و ڕەوانەكردنی بۆ پەرلەمان”، پێشبینیشی كرد لە سەرەتای ئاداری داهاتوودا بودجە بگاتە دەستی لیژنەی دارایی بۆ ئەنجامدانی گفتووگۆی پێویست لەسەری”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمان”یەكلایی كردنەوەی بڕگەكانی یاسای بودجە پێویستییان بە 6-7 هەفتەيە و ڕەنگە زیاتر بێت، بەو پێیەی نرخی بەرمیلێك نەوت تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە، هیواخوازن بڕگەكان ئاڵۆزییان تێدا نەبێت و نەبنە مایەی دواخستنی پەسەندكردنی”.
مەجمەعی پێیوایە:”بودجەی 2023 گەورەترین دەبێت لەڕووی قەبارەی پارەوە، حكومەتیش هەوڵەكانی خۆستۆتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی هەموو خاڵە گرنگەكانی بودجە”.
ناردنی بودجەی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان دواكەوت، پاش ئەوەی لەم ماوەیەی دواییدا گۆڕانكاری پەیوەست بە نرخی خەرجی دۆلاری تێدا كرا.