حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەدابەشكردنی موچەی مانگی 2ی فەرمانبەران كە لەمانگی 3دا دەستپێدەكات ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت “سەرباری زۆری پشووەكان، مووچە لەكاتو وادەی خۆیدا دابەشدەكرێتو دواناكەوێت”.
ئەمڕۆ پێنج شەممە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگی دوو كە دەكەوێتە مانگی سێو پشووی زۆریش لەو مانگەدا هەیە، ڕایگەیاند:”پێشتر زۆرجار لەڕۆژانی پشووش موچەمان دابەشكردووە، بۆیە بۆ موچەی مانگی داهاتوش كێشە نییەو لەڕۆژانی پشوو مووچە دابەشدەكرێت، بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەران و موچەخۆران مووچەی خۆیان وەردەگرن”.
وتەبێژی حكومەت دەڵێت:”دڵنیایی دەدەین، حكومەت هەرچی پێبكرێت، مووچە لەمانگی داهاتوو دابەشدەكاتو بەردەوامی بەدابەشكردنی مووچە دەدات، چونكە هەموو هەوڵەكانی حكومەت بۆ ئەوەیە چاكسازیی بكاتو داهات زیادبكات، بۆ ئەوەی مووچە بەردەوامی هەبێتو مووچەش لەپێشینەی كارەكانمانە”.
بەپێی ڕۆژژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئاداردا شەش ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت بۆ فەرمانبەران بەگشتی، بەڵام پشووەكە بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیاترە.