هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگای دیموكراتیك بەدران ئۆزتوركو هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتیكی گەلان پەروین بوڵدانو سیاسەتمەداری كورد ئەحمەد تورك لە هاتای لێقەوماوانی بومەلەرزەیان بەسەر كردەوەو لە ناوەندی بەڕێوەبەری ئیسكەندەرون سەردانی لێقەوماوانیان كرد و لەوێ كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیان بەست.
بوڵدان سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەوانەكرد كە ژیانیان لەدەستداوە ڕایگەیاند “ئەمڕۆ جارێكی گیكە لێرە بینیمان ئازارەكە چەندە گەورەیە، كارەساتەكە چەندە گەورەیە، بەڵام ئەوەشمان بینی كە پشتیوانییەكی گەورەش لە ئارادایە”.
بوڵدان سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە لە هەموو شارەكان بە تایبەتی لە هاتای كەموكورتی بوونی هەیە ” لەم شارە پرسی كەمی خێمە، ئامێری گەرمكەرەوە و شوێنی حەواندنەوە بوونی هەیە. جارێكیت دیكە گوێمان لە ناڵە و هاوارە بوو. لەو شارانە لە یەكەم رۆژەوە بە ئامێرەكان هیچ دەستوەردانێك نەكرا بۆ رزگاركردنی لێقەوماوان. ئەمڕۆ دەبینین، ئامێرەكان بۆ لابردن و دوورخستنەوەی داروپەردووی خانووە رووخاوەكان ریزیان بەستووە”.
بوڵدان لە درێژەی قسەكانیدا رایگەیاند، “ئەوانەی ئەو رۆژانە دیار نەبوون، ئەمڕۆ لەئامادەباشیدان و بە ئامێر و مەكینەكان دەستیان بە كار كردووە. دەمەوێت ئەوە بڵێم كە بە گوێرەی یاسا لابردنی داروپەردووی خانووە رووخاوەكان كە وەك بەڵگەن بۆ ئێمە، تاوانێكی گەورەیە”.
دەشڵێت “ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەرپرسیارێتیدان، وەك ئەوەی لەم بومەلەرزەی روویداوە هەرگیز هیج بەرپرسیارێتییەكیان نەبووە مامەڵە دەكەن، با باش بزانن كە ؛ ئێوە باجی ئەوە دەدەن. لەبەر ئەوەی هەزاران كەسمان لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكاندا مانەوە. ئەم گەلە لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكەم هەنگاوی رزگاربوون لەم بومەلەرزە و كارەساتانە، شكستدانی دەسەڵاتی ئاكەپە-مەهەپەیە. تێكۆشان، بە رێكخستنبوون و پشتیوانی گرنگە. یەكەم هەنگاو كە هەڵیدەگرین، شكستدان و لەناوبردنی دەسەڵاتی ئاكەپە- مەهەپە دەبێت.