قەیرانی چادر لە باكووری كوردستان بەردەوامە



 

لە باكووری كوردستان قەیرانی چادر سەریهەڵداوە، بەجۆرێك چادر بۆ بوومەلەرزەلێدراوان دەستناكەوێت و لەوبارەیەشەوە ڕەخنەی زۆر ئاڕاستەی حكومەت كراوە.

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە سەردانێكدا بۆ هاتای ڕایگەیاند، كێشەكانی ئاو و چادر لە هاتای هێشتا بەردەوامن.

كیلچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەش كرد لە ناوچەكانی كە بوومەلەرزەكان كاریتێكردوون بە شێوەیەكی گشتی هێشتا خەڵكی ناتوانن چادریان بەدەست بكەوێت.

دەشڵێت ” خەڵكی دەیانەوێت لەبەردەم ماڵە وێرانبووەكانیاندا چادرەكان هەڵدەن چونكە لە نێو ماڵەكانیاندا هەندێك كەرەستەیان هەبووە كە نایانەوێت بدزرێن.”

ئاماژەی بەوەشكرد، لە هاتای پێویستە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە بەپێی كلتوور و نەریتی شارەكە بەردەوام بێت.

بەڕێوەبەرایەتی فریاكەوتن و كارەسات لە توركیا ناسراو بە (AFAD) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند زیاتر لە 300 هەزار چادرلە ناوچەكانی بوومەلەرزەكە دابەش كراوە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا ڕایدەگەیەنێت، حكومەت لە ڕووی خزمەتگوزاری و هاوكارییەوە زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكەی لە دۆخێكی سەختدا جێهێشتووە.

كاربەدەستانی حكومەتی توركیاش دەڵێن كارەساتێكی هێندە گەورە ڕوویداوە و لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە هەندێك ناوچەدا كەموكوڕی زۆر بچووك هەبووە.

لەو كاتەوەی لە شەشی مانگی دوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سوریای دراوسێی هەژاند زیاتر لە 46 هەزار كەس لە هەردوو وڵات گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار باڵە خانە ڕووخاوە.

پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق تەواو بووە
پێت پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق تەواو بووە
بوومەلەرزەیەكی بەهێز تاجیكستانی هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەكی بەهێز تاجیكستانی هەژاند
پەیوەنیدر