تمەنی ئێرانی تووشی گەورەترین شكان بووە لە نرخەكەی و پسپۆڕێكی ئابووری ڕایدەگەیەنێت، لە 11 مانگدا 85%ی بەهاكەی لەدەستداوە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “خۆتان بە دوور بگرن لە كڕینی تمەن”.
ئومێد قەرەداغی، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تمەنی ئێرانی تووشی داڕوخانی گەورە بوە، 100 دۆلاری ئەمریكی زیاتر 5 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند و بە تەنها لە 11 مانگی ڕابردوودا تمەن بەڕێژەی 85% بەهاكەی لەدەستداوە.
ڕاشیگەیاند، بانكی ناوەندی ئێرانیش ناتوانێت ڕێگری لەم داڕوخانە مەترسیدارە بكات.
وتیشی، ” بێ متمانەیی خەڵك بە توانای حكومەت و بانكی ناوەندی وڵاتەكە هۆكارێكی گرنگی داڕوخانەیەكەیە، پێناچێت حكومەت بتوانی سنورێك بۆ ئەم داڕوخانە دابنێ”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران 500 هەزار ملیار تمەن كورتهێنانی بودجەی هەیە، ئەمەش گەورەترین كورتهێنانە بە تەواوی لە 34 ساڵی ڕابردووی ئێراندا و دەشڵێت: “خۆتان بە دوور بگرن لە كڕینی تمەن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ چوار شەممە 22ی شوبات، نرخی تمەن جارێكی دیكە ڕووی لە دابەزین كرد و 100 دۆلار گەیشتە 5 ملیۆن تمەن.