دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٢/٢/٢٠٢٣ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر، دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال لەگەڵ بۆردی حكومەت و پەڕلەمان كۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و وەزیرەكانی یەكێتیی ئامادەی بوون.
لای خۆشیانەوە، دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانی كورتەیەكیان لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان، هەڵوێست و هەنگاوەكانی یەكێتیی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و جەختیان لەوە كردەوە، كە یەكێتیی لەپێناو مافەكانی خەڵك و حوكمڕانییەكی تەندروست هەموو هەنگاوێك دەگرێتەبەر.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كۆبوونەوە بە گفتوگۆی بەشداربووان و هەڵسەنگاندنی سەرجەم ئەگەر و پێشهاتەكان كۆتایی هات، هەمووان هاوڕا بوون، كە یەكێتییەكی یەكدەست و یەكگوتار دەتوانێت بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەكان ببێتەوە و زاڵ بێت بەسەر كێشە و گرفتەكان و هەنگاو بنێت بۆ كۆتایی هێنان بە قۆرخكارییەكان.