وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق بڕیاریدا بە هەرزان كردنی نرخی ئینتەرنێت و زیادكردنی گێگا بایتەكەی بۆ هاووڵاتیان و هۆشداریش دەدات بە كۆمپانیاكان تاوەكو پابەندبن بە بڕیارەكانەوە.
بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق بۆ كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت، كە واژۆی هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەكانی لەسەرە، ئاماژە بەوەكراوە، بۆ تەواو كردنی هەوڵەكانیان لە پێناو هەرزان كردنی نرخی ئینتەرنێت و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشانەی هاتوونەتە پێش بۆ ئینتەرنێتی پاڵپشتی كراو لەلایەن حكومەتەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كە هەندێك لە كۆمپانیاكان و بریكارەكانی ئینتەرنێت هاوكار نەبوون و هەندێكیان ڕێگربوون لە پێدانی ئەو خزمەتگوزارییە (ئینتەرنێتی پاڵپشتی كراو) بە هاووڵاتیان یاخود كرێی زیاتریان وەرگرتووە و هەندێكیشیان داواكاری قورسیان لە هاووڵاتیان هەبووە بۆ چالاك كردنی خزمەتگوزارییەكە، چەند بڕیارێك ڕادەگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهیچ شێوەیەك نابێت داوای پێناسە و بەڵگەنامە یان پڕكردنەوەی فۆڕم لە هاووڵاتیان بكرێت لە بەرامبەر چالاك كردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی پاڵپشتی كراو بە ئاسانترین شێوە.
هەوەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “دەبێت ئەو خزمەتگوزارییەی ئینتەرنێت لەلای هەموو بریكارەكان هەبێت و هیچ بریكارێك بۆی نییە ڕێگری بكات لە پێدانی بە هاووڵاتیان و لە 1ی ئادارەوە گواستنەوەی خزمەتگوزارییەكە لە بریكارێكەوە بۆ یەكێكی دیكە ڕادەگیرێت”.
ئاشكراشی كردووە، پشت دەبەسترێت بە چەند هێندەی بەشداریكردن، كە لە خشتەیەكدا ڕوونكرداوەتەوە و دەبێت سەرجەم كۆمپانیا و بریكارەكان پابەند بن بەو خێرایی ئینتەرنێتە و گێگا بایتەكەیەوە، كە دیاریكراوە بە خۆڕایی.
وەك لە خستەكەدا ڕوونكراوەتەوە، بەشداری مانگانە و گێگا بایتی خۆڕایی بەم جۆرەیە:
– بەشداری 15 هەزار دیناری مانگانە بە خێرایی 110 گێگا بایتە (100 گێگا + 10 گێگای خۆڕایی).
– بەشداری 30 هەزار دیناری مانگانە بە خێرایی 250 گێگا بایتە (200 گێگا + 50 گێگای خۆڕایی).
– بەشداری 40 هەزار دیناری مانگانە بە خێرایی 400 گێگا بایتە (300 گێگا + 100 گێگای خۆڕایی).
– بەشداری 60 هەزار دیناری مانگانە بە خێرایی 700 گێگا بایتە (500 گێگا + 200 گێگای خۆڕایی).