ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمی كوردستان دوا هەنگاوەكانی دەستنیشانكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ و ئامادەكارییەكانی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ تاوتوێ كرد و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی كوردستان تایبەت بەپڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بكەنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دوا هەنگاوەكانی دەستنیشانكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدرال و ئامادەكارییەكانی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ تاوتوێ كرد و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی كوردستان تایبەت بەپڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بكەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، كە ئامادەن بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریكارییەك لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە چارەسەرنەكردنی كێشەكان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی كوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بكەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان لە پێناو تەواوكردنی دوا هەنگاوەكانی دەستنیشانكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدرالی و هەروەها تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی پڕۆژە یاسای نەوت وگازی فیدراڵ.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە :
ئەمڕۆ چوارشەممە 2/22، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و جیهان، هەروەها سەردانی فەرەنسا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی فەرەنسا خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران و ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەیان بەوە دا کە لە هەر دوو وڵاتدا، لە ئاستێکی زۆر باڵا، پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا کە ئەمەش نیشانەی پێگەی گرنگ و بەهێز و پێشکەوتنی دیپلوماسیی هەرێمی کوردستانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕۆژی 2/19 سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گازی ئیتیحادی، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت .
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لە پێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی و هەروەها تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای نەوت وگازی فیدراڵ.
لە بڕگەی سێیەم وکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( ڕێگاوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ) لە لایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە خرایەڕوو. کە ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، پاراستنی سەلامەتی پێکهاتەکانی ڕێگاوبانە گشتییەکان و چاککردنەوەیان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەریان و هەروەها دیاریکردنی قەدەغەکراوی ڕێگاوبانە گشتییەکانە.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پڕۆژە یاساکە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕاوسەرنجەکان، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و پاشان پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان .