بەرەو نەورۆزە و بازاڕی جلوبەرگی كوردی جمەی دێت



خەڵك- AA
ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار و نەورۆز بازاڕی جلوبەرگی كوردی لە ھەرێمی كوردستان گەرموگوڕتر دەبێت و ھاووڵاتییان بۆ چوونەدەرەوە و سەیران و گەشتەكانیان زیاتر مەیلی پۆشینی جلی كوردی دەكەن، بەڵام ئافرەتان زیاتر ئەو خواستەیان ھەیە و مانگێك پێش نەورۆز دەست بە ئامادەكاری و گەڕان بە دوای قوماش و دیزایین و دوورێنێكی باشدا دەكەن.

لە شاری سلێمانی جگە لەو بازاڕانەی، كە دەكەونە بازاڕی سەرەكی شارەكە و تایبەتن بە جلوبەرگی كوردی ژنان و پیاوان، لەنێو گەڕەكەكانی شارەكەشدا چەندین دوكان و شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگی ئافرەتان كراونەتەوە و ژمارەیەكی زۆری ئافرەتانی شارەكە ڕوویان تَێدەكەن.

مەحمود مستەفا، كە زیاتر لە ٣٢ ساڵە سەرقاڵی كوتاڵفرۆشییە لە یەكێك لە بازاڕە قەرەباڵغەكانی قوماشدا سەرقاڵی جیاكردنەوەی قوماش بوو بۆ كڕیارەكانی باس لە كاتی دەستپێكی فرۆشتنی قوماشی جلی كوردی دەكات و دەڵێت: ”بۆ فرۆشتنی قوماش و جلی كوردی زیاتر لە ناوەڕاستی مانگی دوو بەدواوە دەست پێ دەكات تاكو ڕۆژی نەورۆز”.

ئەو كوتاڵ فرۆشە باس لەوە دەكات، كە قوماشی (هیندی، توركی، ئێرانی و چینی) لە بازاڕەكاندا ڕەواجیان هەیە و دەڵێت: ”جاران فرۆشی قوماشی ئێرانی زۆر بوو، بەڵام ئێستا كەمە. قوماشی ئێرانی ئەستوورە و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی تمەن كاریگەری خۆی هەیە، ئەگەرچی بۆ ئێمە هەر هەرزان دەكەوێت، بەڵام مامەڵەمان لەگەڵ ئێران كەم كردۆتەوە و زیاتر مامەڵە لەگەڵ هیند و چین دەكەین”.

“قوماش بۆ جلی كوردی بەپێی وەرزەكان دەگۆڕێت، قوماشی ئەستوور لە وەرزی زستان، قوماشی كەمئەستوور لە وەرزی بەهار و قوماشی زۆر تەنك لە وەرزی هاوین فرۆشی هەیە” ئەمە وتەی ئەو كوتاڵفرۆشە دێرینەی سلێمانی بوو، هەروەها دەڵێت: ”لە وەرزی بەهاردا زیاتر سلكی ئیتالی فرۆشی دەبێت، كە بە مۆدێلەكانی نێچیری، مورادخانی، سادە، چۆخە و كەتافییش دەیدروون”.

سەبارەت بە نرخی قوماشی جۆراوجۆر لە بازاڕەكاندا، مەحمودی كوتاڵفرۆش دەڵێت: ”نرخی قوماش لەلای ئێمە لە 6 هەزارەوە دەست پێ دەكات تاكو ٢٠ هەزار و زیاتر”.

ناوبراو باس لەوە دەكات، كە لە بۆنەكاندا بازاڕی فرۆشی قوماشی جلی كوردی زۆرترە، وەك بۆنەكانی بەهار، نەورۆز و هەردوو جەژنی قوربان و رەمەزان و دەڵێت: ”جگە لەمانە بازاڕ لە كاتەكانی تردا تاڕادەیەك مردووە یان زۆر كەمە”.

مەحمود دەڵێت: ”٣٢ ساڵە قوماشی جلی كوردی دەفرۆشم، بەڵام دوو سێ ساڵە بازاڕی فرۆشتنی قوماش زۆر لاواز بووە، ئەویش بەشێكی بەهۆی مووچەوەیە. جاران لە هەموو كاتەكاندا قوماش دەكڕدرا و دەكرا بە جل، بەڵام ئێستا تەنها لە بۆنەكاندا بازاڕ هەیە. نزیكەی سەدا ٧٠ی ئەوانەی ئێستا قوماشی جلی كوردی دەكڕن گەنجەكانن. بەتەمەنەكان كەمتر دەیكڕن و بیشیكڕن هاوینان قوماشێكی سادە دەكڕن. پیرەكان بەزۆری قوماشی هیندی دەكڕن و گەنجەكانیش سلكی ئیتالی”.

سەبارەت بە دوورین و ئەو مۆدێلە جیاوازانەی، كە لە سلێمانی و شارەكانی تر دەدورێن، بەرگدروویەك لە هەر لە مناڵییەوە بە شاگردیی دەستی داوەتە بەرگردروویی، عەلی چاوڕەش دەڵێت: ”من هەر لە منداڵییەوە ئیشی بەرگدروویی و جلی كوردیم كردووە. جاران خەڵكی زیاتر چۆخە و مورادخانییان لەبەر دەكرد، كە زۆر بەناوبانگ بوو، بەڵام ئێستا دونیایەك مۆدێلی جوانی جلی كوردی پەیدا بوون. جاران خەڵك جلی شاڵیان كەم دەكرد، ئێستا خەڵكەكە شاڵ و چۆخە و كەتافی و شاڵی زاخۆ و رانیە دەكەن، ئێستا مۆدێلەكان زۆر زۆرن”.

سەبارەت بە نرخی دوورین و قوماشی جلوبەرگی جۆراوجۆر عەلی چاوڕەشی بەرگدروو دەڵێت: ”نرخی قوماشی شاڵی زاخۆ لە ٧٠٠ دۆلارەوە دەست پێ دەكات تاكو دەگاتە ١٢٠٠ دۆلار. قاتی مورادخانی نزیكەی ١٧٠ هەزار دیناری تێدەچێت بە دوورینەوە. ئێمە قاتی مورداخانی بە ٨٠ هەزار و كەتافی بە ٣٥ هەزار و نێچیری بە ٥٠ هەزار و چۆخەیش بە ٢٥ هەزار دینار دەدرووین”.

سەبارەت بە جیاوازی جۆری شاڵی زاخۆیی و رانیەیی ئەو بەرگدرووە دەڵێت: ”جیاوازییەكی وا نییە لە نێوان شاڵی رانیە و شاڵی زاخۆ، بەڵام هەر ئەوەیە كە شاڵی زاخۆ خواستی زیاتر لەسەرە. بۆ لەبەركردن شاڵی رانیە خۆشترە كە بایی نزیكەی ٤٠٠ دۆلارە. هەردوو جۆرەكەیش لە یەك مەرەز دروست دەكرێن. شاڵ لە وەرزی بەهار هەتاكو پاییز لەبەر دەكرێت، بەڵام لە زستاندا لەبەر ناكرێت لەبەر ئەوەی شاڵ فێنكە و بە كەڵكی زستان نایەت”.

سەبارەت بە و جۆرانەی شێوازی دوورین و مۆدێلی جلی كوردی، كە كوڕان سەری تێدەكەن، ئەو بەرگدرووە دەڵێت: ”خەڵك لە نەورۆزاندا هەموو مۆدێلەكان دەدروون. خەڵكی سلێمانی و دەورووبەری زیاتر حەزیان لە مورادخانییە. ئەوەیشی پارەی هەبێت شاڵ دەكات. خەڵكی ناوچەی گەرمیان زیاتر حەزیان لە مۆدێلی كەتافییە. خەڵكی هەولێریش زیاتر مۆدێلی كەتافی زنجیردار و بێزنجیر دەدروون، خەڵك خۆی ناوی لە مۆدێلی جلە كوردییەكان ناوە. گەنجەكان و خەڵكانی عەشایەر جلی كوردی زۆر دەكەن و حەزیان لێیەتی”.

هەولێر؛ شەقام و دوكانەكانی دەوروبەری قەڵا ڕێك دەخرێتەوە
پێت هەولێر؛ شەقام و دوكانەكانی دەوروبەری قەڵا ڕێك دەخرێتەوە
هەوڵی یەكخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدرێت
دوات هەوڵی یەكخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدرێت
پەیوەنیدر