خەڵک
بەردەوامی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی ئێران و تورکیا بۆ سەر سنوورەکان، بە دیاریکراویش لە قوڵایی خاکی عێراق دا بەرەو هەڵکشان دەچێت، چاودێران هێرشەکان بە دەستوەردان و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق دادەنێن، بەرپرسانی عێراقیش تا ئێستا جگە لە بەیاننامەی ئیدانەکردنی هێرش و پەلامارەکان چی دیکەیان لە دەست نەهاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ دووبارە هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
حکومەتی عێراق بۆردومانەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ڕەتدەکاتەوە و ئیدانە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت؛ نابێت خاکی عێراق ببێتە دەروازەیەک بۆ زیانگەیاندن بە هیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ و ڕەتیشیدەکاتەوە وڵات ببێتە گۆڕەپانێک بۆ قوڵبوونەوەی ململانێکان و یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتان و لایەنە دەرەکییەکان.
ئەم هەڵوێستەی عێراق دوای ئەوە هات کە تورکیا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنی ” چنگی شمشێر “ی لە باکووری عێراق و سووریا دەستپێکرد، ئێرانیش لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە، هێرشی مووشەکی و ئاسمانی بۆ سەر بارەگای پارتە کوردییەکان و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەری سەنتەری بیری سیاسی لە بەغدا، ئیحسان ئەلشممەری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “سکای نیوز عەرەبی” ڕایگەیاندووە: دۆخەکە مەترسیدارە و هێرشەکانی تورکیا و ئێران بەرەو هەڵکشانێکی توندتر دەچن، ئەمەش وایکردووە حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی ڕووبەڕرووی دۆخێکی شەرمهێن ببێتەوە لەبەردەم گەلی عێراقدا، بەتایبەتی کە سەروەری و پاراستنی ناوی دەوڵەت لەهەگبەی کاریدایە بۆ ماوەی دەوڵەتمەدارییەکەی.
بە وتەی ئیحسان ئەلشممەری، ئەوەی ئەم شەرمەزارییە زیاتر دەکات ئەوەیە، کە بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئەم حکومەتە و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی بەشدار لەنێو هێزەکانی عێراقدا، سەر بە ئێرانن.
ناوبراو دەڵێت: لە ئەنجامی لاوازی دۆخی ناوخۆیی عێراق و شکستی حکومەتەکانی پێشوو لە مامەڵەیەکی پتەو بەرامبەر دەستدرێژیەکانی ئەنقەرە و تاران بۆ سەر سەروەری وڵات، بووەتە دۆخێکی خوازراو تا ئێران و تورکیا لە قوڵای خاکەکەیدا ئۆپراسیۆنەکانیان ئەنجام بدەن، هاوکات حکومەتی عێراقیش خۆی نەیتوانیوە کیشەی بوونی ئەو هێز و لایەنانەی وڵاتان بە مەترسی دەبینن لەسەریان چارەسەر بکات و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
ئەلشممەری دەشڵێت: مەترسیدارترین شت لێرەدا هەڕەشەکانی تورکیا و ئێرانە لە ڕووی داگیرکاری بەرفراوان لەسەر خاکی عێراق، هەر بۆیە دەبێت بەغدا بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییە، بەو پێیەی بەرپرسیارێتی سەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.
بە بڕوای ئەلشممەری،: لە ئەگەری فراوانبوونی هێرشەکانی ئێران و تورکیا لە عێراق دا، توڕەیییەکی بەربڵاوی گشتی لەناوخۆدا سەرهەڵدەدات، چونکە ئەو پرسە تەنیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دا سنووردار نابێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان، بەڵکو سەر دەکێشێت بۆ داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی عێراق، بۆیە دەبێت حکومەتەکەی سودانی پەنا بۆ رێچارەی دیپلۆماسی و خۆپارێزی و خێرا ببات لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانبوونی مەودای پەرەسەندنی هەڕەشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.