شارەزایەكی بواری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە هەرێمی كوردستان پێشبینی ڕوودانی بوومەلەرزە بە گوڕی سەروو 5 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە چەند ناوچەیەكی دیكە دەكات، بەڵام هەرێمی كوردستانی تێدا نییە.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی بۆ 0خەڵك) ڕایگەیاند، بەردەوامی پاشلەرزەكانی سنوورەكانی نێوان توركیا و سووریا و كشانەوەی ئاوی دەریای ناوەڕاست، كە پێمان وایه پەیوەندییان به “هەڵكشان و داكشانەوە نییە ” دەبنە هۆی ناجێگیری پلێتەكان و ئەگەرەكانی ڕوودانی بوومەلەرزەی زیاتر له كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست، چونكە لە ئێستادا تەواوی پلێتەكانی ناو دەریاكە و وشكانییەكانی دەورووبەری لە جوڵەی پله ناوەنددایە.
ڕاشیگەیاند، پێشتریش ئاماژەمان بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزه كردووە لە هەندێ ناوچه تا كۆتایی ئەم مانگە ناوچەكانیش بەوردتر دیاری دەكەین، كە ئەگەر هەیە لە ئەمڕۆ سێ شەممەوە تاوەكو سەرەتای مانگی داهاتوو بوومەلەرزەی زیاتر لە ( + 5 پلە ) به پێوەری ڕێختەر ڕووبدات.
وەك ئەو سارەزایەی بوومەلەرزەزانی باسی كرد، ناوچەكان بریتین لە :
1- ناوچەكانی باشووری توركیا و خۆرئاوای سووریا و لوبنان و فەڵەستین و ئیسرائیل تا دەگاتە دەریاچەی مردوو، كەنداوی عەقەبە و بیابانی سینا و دورگەی قوبرس.
2- ناوچەكانی نێوان توركیا و یۆنان و دەریای مەڕمەڕە و ئیجە و باشووری یۆنان و دورگەی كریت.
3- ناوچەكانی نێوان ڕۆمانیا و سربیا و بۆسنە و كرواتیا و دەریای ئەدریاتیك و ئیتالیا و دورگەی ماڵتا و سقلییە.
4- باكووری جەزائیر و سنوورەكانی نێوان ئیسپانیا و مەغریب و جەبەل تاریق و خۆرئاوای مەغریب.
ئەمەش لە كاتێكدایە، كە لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا دوو بوومەلەرزەی بەهێز ناوچەكانی باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش بریندار بوون و بە ملیۆنان هاووڵاتی ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون، هاوكات دوێنێ شەویش دوو بوومەلەرزەی دیكە بەپێوەرەكانی 6.2 پلە و 5.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر سنوورەكانی نێوان توركیا و سوریا و لوبنانی هەژاند.
دوێنێ دوو شەممە 20ی شوبات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە وتارێكدا لە هاتای، كە زۆربەی بەهۆی بوومەلەرزەوە وێران بووە، ڕایگەیاند، كە لە دوای بوومەلەرزە بەهێزەكانەوە تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار پاشلەرزەی دیكە تۆمار كراون.