لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخراوی داعش تائێستاش مایەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و شەڕكرن لەگەڵیدا هەواڵگرییە.
یەحیا ڕەسوڵ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”جەنگ لەدژی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و داعش تائێستاش مایەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی وڵات، شەڕكردن لەگەڵیدا لەئێستادا هەواڵگرییە”.
بە وتەی یەحیا ڕەسوڵ”لیوا سەربازییە هاوبەشەكان لە سوپای عیراق و پێشمەرگە پێكهێنراون، لەپێناو كاركردن لەو ناوچانەی بوشایی ئەمنییان هەیە و دەكەونە دوروبەری كەركوك”.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەڵێت”ئەو گورزانەی لەم ماوەیەی دواییدا لە پێگەكانی داعش وەشێنران لە دیالە و ناوچەی كوبێسە لە ئەنبار، گورچكبڕبوون”.
لەئێستادا هێزە هاوبەشەكانی عیراق ئۆپەراسیۆنی “شمشێری هەق” بەڕێوەدەبەن كە شانەكانی داعش لە ناوچە دوورەدەستەكانی دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا دەكاتە ئامانج.