ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی مەترسیداری تورکدایە



خەڵک

ئەردۆغان هەڕەشە دەکات و دەڵێت؛ لەمەودوا هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تەنیا ئاسمانی نابێت و هێرشی زەمینی دەستپێدەکەن، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان هیچ پەیوەندییەکان بە هێرش و تەقینەوەکانی ئەم دوایەی تورکیاوە نییە، کە ئەو وڵاتە کردویەتی بە پاساو بۆ بە ئامانجگرتنی ناوچەکانیان، داواش لە ئەمریکا و ڕووسیا دەکات بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ئارام بکەنەوە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رۆژی چوارشەممە 23/11/2022، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڕەشەی  هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستانی کردوو وتی؛”هێرشەکانمان بە فڕۆکە و درۆن و تۆپ سەرەتاییە، هێرشی زەمینی دەستپێدەکەین”.

 

ئەردۆغان وتویەتی؛ هێرشدەکەنە سەر کۆبانێ، تەلرەفعەت و منبج.

 

لەلایەکی دیکە، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، داوا لە ئەمریکا و ڕووسیا دەکەین کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری سووریا، کە ماوەی چەند رۆژێکە تورکیا لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە بۆردومان دەکات.

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکردوە، “هەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان چڕکردوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەین بەرگریی لە ناوچەکانمان بکەین، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین، بە تایبەت ڕووسیا و ئەمریکا، ڕێز لە بەڵێنەکانیان بگرن بۆ پاراستنی ئاگربەست و ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا “.

 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات داوا دەکات، ئەمریکا هەڵوێستێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم بۆردومانی هاووڵاتیانی مەدەنی ڕابگیرێت، چونکە هەسەدە هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە کە تورکیا کردویەتیە پاساوی هێرشەکانی.

 

مەزڵوم کۆبانێ ئەوەدەخاتەڕوو، ئەنقەرە کار لەسەر پلانێکی درێژخایەنی خۆی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی”بە ناو ئارام” بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا دەکات ، “کە ئەم پلانە وەک موزایەدە بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی کاریگەری خۆی لە سووریا”.

 

به‌پێی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، سوپای توركیا له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا بەچەک و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 78 هێرشی بۆ سه‌ر كۆبانێ ئه‌نجامداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌دانی دیكه‌ش برینداربون، لە 19ی ئەم مانگەشەوە بۆردوومانی چڕی ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەستپێکردووە کە دەیان منداڵا و ژن و پیر بوونەتە قوربانی.

لای خۆشیەوە، نوسینگەی رۆژنامەوانی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا، لە سووریا ڕایگەیاندووە؛ “دژی هەموو هەڵمەتێکی سەربازین کە ببێتە هۆی نائارامی زیاتری دۆخی سووریا، رەفتارەکانی تورکیاش مایەی نیگەرانییە و لێدانە لە ئامانجە هاوبەشەکانی نێوانمان”.

 

پێشتریش وەزیری دەرەوەی سووریا فەیسەڵ میقداد ڕایگەیاندبوو، نابێت تورکیا تەقینەوەی ئەستەنبوڵ وەک بیانوو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سووریا بەکاربهێنیت.

 

ناوبراو بە ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری ڕایگەیاندبوو”ئەگەر تورکیا بیەوێت رووداوی تەقینەوەکە وەک بەهانەیەک لە دژی سووریا بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت ئەوە بزانێت، خۆی بە دەیان و سەدان هەزار چەکداری تیرۆریستی بۆ سووریا ڕەوانە کردووە”.

 

جێی باسە لە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی ئەستەنبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتەش ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکات”.

هێرشەکانی ئێران و تورکیا، دۆخێکی شەرمەزارییان بۆ عێراق خوڵقاندووە  
پێت هێرشەکانی ئێران و تورکیا، دۆخێکی شەرمەزارییان بۆ عێراق خوڵقاندووە  
مێسی باسی دۆڕاندنی تیپەكەی دەكات
دوات مێسی باسی دۆڕاندنی تیپەكەی دەكات