میدیا بیانییەكان لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردووەوە، باس لە بەردەوامبوونى هەڵكشانی تەنگژە سەربازییەكانی ئێستا دەكەن لەنێوان مۆسكۆ و “كێیڤ” كە هاوپەیماننە خۆرئاواییەكانی لە پشتە.
هۆشدارییەكانی پێشوو لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی “زەلكاوی عیراق” لەئێستادا گەیشتوونەتە هۆشداریی “كۆتایی جیهان” و لەو بارەیەوە گۆڤاری “كۆنتەر بنچ”ی ئەمریكایی ڕاستەڕەو لە ڕاپۆرتێكیدا دەڵێت، ڕێكخراوی زانایانی ئەتۆم لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاماژەی بە هاتنەبەری قۆناغی “كاتژمێری كۆتایی جیهان” كردووە كە تەنیا لەماوەی نەوەد چركەدا دەبێت، ئەمەش هۆشداریی هاتنەبەری هەڕەشەی كۆتايى هاتنى”بوونی مرۆڤایەتییە” كە لە بەیاننامەی ڕێكخراوەكەدا هاتووە.
ڕێكخراوەكە لە بەیانناكەیدا دەڵێت”هەواڵەكان لەبارەی بوونی خواست و ئامادەكارییەكان بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی و هەڵكشانی ئاستی تەنگژەكان، بوونەتە مایەی خۆئامادەكردنی تیمە ئەتۆمییەكان، تا ئەندازەیەكی زۆریش توانای جیهانییان كەمكردۆتەوە بۆ بەدەنگەوەچوونی ڕوودانی كارەساتێكی ئەتۆمی لە حاڵەتی ڕوودانیدا.
گۆڤارەكە نوسیویەتی، هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆكراینا لەئێستادا خۆیان بۆ “ئۆپەراسیۆنی بەهاران”ی فراوان تاودەدەن، مۆسكۆ لێوەی هەوڵدەدات ڕووبەرێكی زیاتری خاكی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكات، كێیڤ دەیەوێت هێرشێكی پێچەوانە بە پاڵپشتی هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی ئەنجام بدات.
“كۆنتەر بنچ” لە زاری شارەزایان لە یەكێتی ئەوروپا بڵاویكردەوە، ئەوان پێشبینی دەكەن ئامادەكارییەكانی هەردوولا ببنە مایەی “جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنێك كە لە كۆتاییدا خامۆشبوونی هەردوو بەرەی لێبكەوێتەوە، بەو واتایەی ڕووسیا ناچار ببێت چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت”.
گۆڤارە ئەمریكاییەكە پێیوایە”هێزەكانی ڕووسیا پرۆتۆكۆڵی سەربازییان هەیە و ڕێگەیان دەدات چەكی ئەتۆمی تەكتیكی بەكاربهێنن كە توانای وێرانكاریی لاواز و سنوردارە و ئامانج لێی ترساندنی دووژمن و ناچاركردنییەتی بۆ سازشكردن، لە حاڵەتی شكستخواردنی هێزەكانی لە بەديهێنانی سەركەوتن”.
بە بۆچوونی “كۆنتەر بنچ” بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی تەكتیكی لەلایەن ڕووسیا، دەبێتە یەكەم بەكارهێنانی ئەو چەكە لە ساڵی 1945 و جەنگەكە دەكاتە ناكۆكییەكی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانی ناتۆ.
زیادبوونی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەكان لەڕێی ئۆپەراسیۆنی بەهاری سەربازی نێوان هەردوولا و پەنابردنی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی تەكتیكی كە كاریگەرییەكی سنورداریی هەیە، دەبێتە مایەی كاردانەوەی ڕاستەوخۆی لایەنی ئەوروپایی و خۆرئاوایی بەشێوەیەكی گشتی لەدژی مۆسكۆ، بەو شێوەیە بواری ڕەخساو بۆ كاتژمێری “كۆتایی جیهان”، بۆ تەنیا 90 چركە كەمدەبێتەوە.