لەم ساڵدا یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە



ئەمریکا فشارەکانی بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە زیادکردووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت هێزەکان بە دوو فیرقە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆدەکرێنەوە.

فشارەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن، ئەمریکا و هاوپەیمانان فشارێکی زۆریان بۆ سەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە وەزارەتی پێشمەرگە دروستکردووە.

هەرچەندە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدرێت، بەڵام تا ئێستاش پڕۆسەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە دوو (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان) ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت ژمێریاری ئەو دوو هێزە هەڵبوەشێتەوە و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

بەپێی زانیارییەکان دەبێت تا نەورۆزی ئەمساڵ چوار لیوا لە هێزکانی ٧٠ و ٨٠ بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان بە (خەڵك) ڕاگەیاند، لە یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دا لە وەزارەتی پێشمەرگەر دوو فیرقە دروستدەکرێت، یەکێکیان لە سلێمانی و کەرکوک، ئەوی دیکەش لە هەولێر.

هاوکات هێزێکی یەدەگیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە ساڵانێکە زۆرە خزمەت دەکەن و تەمەنیان هەیە دروستدەکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فەرماندەی فەوج و پێکهاتەکان ڕێکخراون و مەشقەکان بەردەوامن، سەرباری کاریگەری دۆخە سیاسیەکەی یەکێتی و پارتی کە کاریگەریەکی زۆری بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان هەبووە، بەڵام هەوڵەکان جدین و کێشەکان نەبووەتە هۆی وەستانی یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠.

لە ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، مانگانە ٣٢ ملیار دیناریان بۆ دەنێرن، بەڵام لە ماوەی ئەمساڵدا هاوپەیمانان جگە لە فشار هەڕەشەی بڕینی پاڵپشتی و هاوکارییەکانیان کردووە، بۆیە هەردوو حزبەکە دەیانەوێت ئەو پاڵپشتییە بمێنێت، بۆ ئەوەش ئامادەن کە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یەکبخەن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵیشدا یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ئومێدیش هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هێزەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆببنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٢ لیوایە، بە فەرمی ١٢٥ هەزار پێشمەرگەیە، کە دوو لیوایان لە چوارچێوەی لیوای هاوبەشە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقن.

لە بەرامبەریشدا هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی و ٨٠ پارتی هەن، ئەمریکاش سوورە لەسەر یەکخستنەوەی ئەو دوو هێزە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

جەنگی ئەتۆمی و كۆتایی جیهان لە 90 چركەدا
پێت جەنگی ئەتۆمی و كۆتایی جیهان لە 90 چركەدا
جوتیار عادل: سەردانەکانمان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە
دوات جوتیار عادل: سەردانەکانمان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە
پەیوەنیدر