وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە ڕەوشی خوێندن و ماوەی مانەوەی ئەو خوێندكارانەی هەرێمی كوردستان، كە لە وڵاتی توركیا دەخوێنن، چەند بڕیارێكی دەركرد.
ئەمرۆ سێ شەممە ڕێكەوتی (2023/2/21) بە نوسراوی ژمارە (3423) كە بە واژۆی د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە، سەبارەت بە ڕوودانی كارەساتی سروشتی (بوومەلەرزە) لە وڵاتی توركیا، لەبەر ڕۆشنایی بریاری ئەنجومەنی خوێندنی باڵای ئەم وڵاتە كە بەشێك لە خوێندنی وەرزی بەهارەی بۆ ساڵی ئەكادیمی (2022-2023) كردوە بە ئۆنڵاین، چەند بڕیارێكی دەركرد.
دەقی بڕیارەكانی خوێندنی باڵای هەرێم بۆ خوێندكارانی هەرێم لە توركیا:
١/ ئەو بەڕێزانەی كە دەستیان بە خوێندن كردوە لە زانكۆكانی وڵاتی توركیا ماوەی خوێندنیان بە ئۆنڵاین لە نێوان ڕێكەوتی (2023/2/6) تاكو (2023/4/1) بە ماوەی مانەوە بۆیان هەژمار دەكرێت.
٢/ ئەو بەڕێزانەی كە دەستیان بە خوێندن نەكردوە، ئەگەر لە زانكۆكەیان خوێندن بوە بە ئۆنڵاین دەبێت خوێندنەكەیان دوا بخەن بۆ سیمستەری داهاتوو.
٣/ هەر زانكۆیەك بەدەر لەو بڕیارەی ئەنجومەنی ناوبراو هەر سیستمێكی تر (دواخستن بۆ سیمستەری داهاتو) پیادە بكات، بەپێی ناوەرۆكی بڕیاری زانكۆكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
٤/ بەڵام سەبارەت بە بەشە پزیشكییەكان ئەو بەشانەی كە لایەنی پراكتیكیان هەیە تاكو ئێستا ئەنجومەنی ناوبراو هیچ بڕیارێكی دەرنەكردوە، لەكاتی دەركردنی هەر بڕیارێك وەزارەتەكەمان پەیوەست دەبێت بە لەبەر چاوگرتنی پاراستن و تەندروستی قوتابی و خوێندكارەكانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی توركیا.
٥/ هەر بڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی خوێندنی باڵای توركیا (YOK) دەربچێت لە داهاتودا سەبارەت بەم بابەتە ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.