كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا، ئایفۆنێكی نەوەی یەكەمی بە ٦٣ هەزار دۆلار فرۆشت.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی “CNN”، مۆبایلەكە لەلایەن ماڵپەڕی زیادكردنێكی ئاشكرا “LCG” خراوەتە ناو زیادكردنێكەوە و بە ١٠٠ هێندەی نرخی خۆی فرۆشراوە.
نزیكەی مانگێك بەرلە ئێستا زیادكردنەكە بە دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەستی پێ كرد و ٢٧ كەس بەشدارییان كرد لە زیادكردنەكەدا بۆ كڕینی ئەو ئایفۆنە كە هێشتا قووتوەكەی هەڵنەپچڕاوە.
دامەزرێنەری ماڵپەڕی “LCG”، مارك مۆنتێرۆ ئەوەی ئاشكرا كرد ١٠ لە كڕیارەكان تا دوا سات ركابەرییان كردووە و دواجار ئایفۆنەكە بە ٦٣ هەزار دۆلار فرۆشراوەتە هاووڵاتییەك لە ئەمریكا.
ئایفۆنی نەوەی یەكەم، نرخی ڕاستەقینەی خۆی تەنها ٥٩٩ دۆلارە و خاوەنی شاشەیەكی ٨،٨٩ سانتیمەتری، كامێرایەكی دوو مێگا پیكسڵ و یادگەیەكی چوار یان هەشت گێگا بایتییە، هەروەها تایبەتمەندی پەیوەستبوون بە ئینتەرنێتی هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا خراوەتە بازاڕەكانەوە.
هەر لە هەمان زیادكردندا، مۆبایلێكی دیكەی نەوەی یەكەمی ئایفۆن كە ساڵی ڕابردوو فرۆشرابوو، جارێكی دیكە بە ٣٩ هەزار دۆلار فرۆشرایەوە.